نەتەوە یەکگرتووکان: زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی سوودان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە
K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووکان مەزەندە دەکات، نزیکەی 25 ملیۆن سوودانی پێویستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان بێت، بۆ هاوکارییە مرۆییەکانیش پێویستیان بە 3.03 ملیار دۆلار هەیە، پێشبینیش دەکەن رێژەی پەنابەرانیش بگاتە یەک ملیۆن کەس.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی خوێناوی سوودان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، پێداویستییە مرۆییەکانی وڵاتەکە خراپتر بوون.
رامیش راجاسینگهام، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەمەهانگی کاروباری مرۆیی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەمڕۆ 25 ملیۆن سوودانی کە دەکاتە زیاتر لە نیوە دانیشتوان وڵاتەکە، پێویستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنە، هەروەها ئەم رێژەیە زۆر زیاترە لەو رێژەیەی کە ناویان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکردووە بۆ هاوکارییە مرۆییەکان.
دەشڵێت: نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات پێویستی بە 2.56 ملیار دۆلار بێت بۆ دابینکردنی یارمەتی لەناو خاکی سووداندا، کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا هاوکارییەکان بە 1.75 ملیار دۆلارە خەمڵێنرابوو.
رامێش راجاسنگهام گوتیشی: ئەو پارەیە رێگە بە دەزگاکانی فریاگوزاری دەدات بگاتە ئەو 18 ملیۆن کەسەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە وڵاتەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوودان بۆ یەکەم جار گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا جەنەڕاڵ بورهان بە سەربازەکان دەورە دراوە کە سەردانی بینایەکی سووتاوی سەر بە فەرماندەیی گشتی سوپایان کرد لە خەرتوم.
راجاسینگهام، هیوای خواست لایەنە شەڕکەرەکان پابەندی ئەو یاسا مرۆییانە بن کە هەفتەی رابردوو گەیشتن بە گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکانی شەڕ و دابینکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان روونی کردەوە، کە چەکدارەکان لە هەندێک لە دامەزراوە تەندروستییەکان کشاونەتەوە کە پێشتر داگیریان کردبوون، ئاماژەی بەوەشکرد، گەیاندنی یارمەتییەکان لە ئێستادا زیاتر بووە، بەڵام قەیرانی سوودان بەرەو قەیرانێکی گەورەتر دەڕوات.
نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند: پێویستی بە 470.4 ملیۆن دۆلاری دیکە هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی وڵاتەکەیان جێهێشتووە، هەروەها لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو 1.1 ملیۆن کەسەی کە چاوەڕوان دەکرێت تەنها لەمساڵدا سوودان جێبهێڵن.
زیاتر لە مانگێکە شەڕ لە سوودان سەری هەڵداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی هەزار کەس و هەروەها نزیکەی 840 هەزار کەسیش ئاوارە بوون و 220 هەزار کەسیش بوونەتە پەنابەر و چوونەتە وڵاتانی دراوسێ.