لە رۆژی جیهانی مۆزەخانەدا پێشانگایەکی شێوەکاری لە مۆزەخانەی ئەربیل ئولا کرایەوە
K24 - هەولێر:
ساڵانە لە جیهان رێکەوتی 18ـی ئایار دیاری کراوە بۆ مۆزەخانە، بەتایبەت ئەو مۆزەخانانەی تەمەنێکی دوور و درێژیان هەیە لە پاراستنی کەلوپەل و ئاسەوارە مێژووییەکان.
لە هەرێمی کوردستان مۆزەخانەی پەروەردەیی (ئەربیل ئولا) بە 25 تابلۆی رەنگینی (سەباح پیرباڵ)ـی شێوەکار و ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ئەو یادە لەژێر ناوی تابلۆی پیشەوەرانی هەولێر بەرز راگیرا.
لە پێشانگاکەدا تابلۆی ئەو پیشەوەرانە بە خامە رەنگاوڕەنگەکانی هونەرمەند نەخشێندرابوون، کە گوزارشتیان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەکرد، کە دیارترین کارەکانیان پیشەیی ئاسنگەریی و ڕستن و چنین و فەرشی دەستکردی خۆماڵی بوون و پڕفرۆشترین بەرهەمی ئەوکاتانە بوون، کە پیشەوەرانی کورد دروستیان دەکرد، هاوکات ڕۆڵی بەرچاوی ئافرەتان لە تابلۆکاندا جێگەی کرابۆوە، کە بە سەناریا و دەستی ڕەنگیان هاوکاربوون لە گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و هونەری بەرهەمی خۆماڵی.
سەباح پیرباڵی شێوەکار لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 تیشکی خسته سەر یادەکە و گوتی: وەک هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ئێمە هاوشێوەی وڵاتانی جیهان لە ڕۆژی مۆزەخانەدا بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەری پێشوازی لە یادە دەکەین، ئەمساڵیش من بە تابلۆکانم، کە ڕەنگدانەوەی ژیان و مێژووێکه شکۆمەندە لە نێو پیشەوەرانی هەولێر بەشداریم لەو یادە کرد، کە توانیم بە تابلۆکانم جوانیی ئەو شاره نیشانی ئامادەبووانی پێشانگاکە بدەم، کە سەردەمانێک پیشەوەرانی کورد بە چ ئاستەنگێک ژیانیان بەڕێکردووە، بەڵام هەمیشه لە سەرگەرمی داهێنان بوونە لە پێشکەش کردنی بەرهەمی خۆماڵی و نوێدا.