چەند تەقینەوەیەک لە سوودان روویدا
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ چەند تەقینەوەیەک شاری ئوم درمانی لە سوودان هەژاند، کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە شەڕو پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی حورە، رۆژی شەممە، 20ی ئایاری 2023، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان لەنزیک رادیۆ و تەلەفزیۆنی سوودان چەند تەقینەوەیەک روویدا.
رۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خەرتومی پایتەختی سوودان و شاری بەحری ئەنجامدرا، ئەمەش لەکاتێکدایە پێکدادانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێ دەنێتە هەفتەی پێنجەم، هەروەها سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئاماری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ململانێکان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 843 هەزار کەس لە ناوخۆی سوودان و هەروەها نزیکەی 250 هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.