گەنجێکی کورد لە بەریتانیا ژیانی 30 کەس لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە رزگار دەکات

وێنەی سەروەر مەحموود و ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرت
وێنەی سەروەر مەحموود و ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرت

K24 - هەولێر

گەنجێکی کوردی دانیشتوویی بەریتانیا بە ناوی "سەروەر مەحموود" هەفتەی رابردوو توانی ژیانی 30 کەس، کە لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت و کەسانی بەتەمەن هەبوون، ڕزگار بکات دوای ئەوەی ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەیەکی ناوچەی رێکسەمی وێڵز کەوتەوە.

سەرەوەری تەمەن 39 ساڵ، پەنابەرێکی کوردە و بۆ ماوەی شەش ساڵ دەبێت نیشتەجێی ناوچەی ڕێکسەمە و خاوەنی مینی مارکێتێکە. ئێوارەی سێشەمەی ڕابردوو، ئەو کاتەی لە دوکانەکەی دەبێت بۆنی سووتاوییەک دەکات و گوێی لە هاواری منداڵ و ئافرەتان دەبێت لە بەشی سەرەوەی باڵەخانەکە. لەو کاتەدا، بەپەلە ڕادەکات بۆ نهۆمی سەرەوە، لەو کاتەی ئاگر و دووکەڵ نهۆمەکانی تەنیوە، بۆ ئەوەی ئاگاداری دانیشتووانی باڵەخانەکە بکات ماڵەکانیان جێبهێڵن.

 بەگوێرەی پێگەی هەواڵی زە لیدەر کە تایبەتە بە هەواڵی ناوخۆیی ناوچەی رێکسەم ڕایگەیاندووە، ئەو پەنابەرە سەلامەتی خۆی خستووەتە مەترسییەوە بۆ رزگارکردنی خەڵکی ناوچەکە.

سەروەر چرکەساتی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکەی بۆ پێگە هەواڵییەکە باسکرد و ئاماژەی بەوەکرد: "دۆخەکە زۆر مەترسیدار بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە لە نهۆیمی سەرەوە بوون. بەپەلە خۆم گەیاندە سەرەوە و بیرم لە هیچ شتێک نەکردەوە، چونکە زانیم کە خەڵکانێک لە سەرەوە پێویستییان بە هاوکارییە."

ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە ڕوویداوە و بەهۆی دوکەڵ و گەرمییەوە؛ زیان بە کۆگایەک و نزیکەی لە سەدا 80ی باڵەخانەکە گەیشتووە.

ئەو گەنجە کوردە خۆشحاڵی خۆشیی دەربڕیەوە بەوەی کە ئەو ڕووداوە نەبووەتە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هیچ کەسێک.

لە ماوەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی بەریتانیا بە شێوەی جیاواز بەشداریان کردووە لە خزمەتکردن و هاوکارییکردنی دانیشتووانی کۆمەڵگەکانیان و بوونەتە هۆی سەرنجی میدیاکانی ئەو وڵاتە.

لە ئێستادا دەیان هەزار کورد لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێن و لە چەندین بوار  و سێکتەری جیاوازدا کاردەکەن. ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەیەکانی سەدەی ڕابردووە ڕوویان کردووەتە وڵاتەکە بەهۆکاری جیاوازەوە کە کارکردن و دەستخستنی داهاتێکی باشتر بووە.

سەرچاوە: زە لیدەری بەریتانی

Fly Erbil Advertisment