توێژینەوەیەک: 4500 ساڵ بەر لە ئێستا ماچکردن هەبووە

K24 - هەولێر

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە کۆنترین تۆمارەکانی ماچکردنی رۆمانسی دەگەڕێتەوە بۆ 4500 ساڵ پێش ئێستا.

توێژینەوە نوێیەکە کە لەم هەفتەیەدا لە گۆڤاری "ساینس" بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە رەنگە ماچکردن تەنانەت لە جیهانی کۆنیشدا بەربڵاو بووبێت.

ئەم توێژینەوەیە بەڵگەی ئەوە دەخاتە روو کە "ماچکردن لە میزۆپۆتامیا و میسری کۆن بەڵگەدار کراوە" بە لایەنی کەمەوە لە ساڵی 2500ی پێش زایینەوە بووە.

ترۆیلز بانک ئەربۆل، لەگەڵ نووسەرێک، بەناوی سۆفی لوند راسموسن، توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، لەوەی کە ماچکردنی رۆمانسی چۆن کاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکاندا هەیە.

ئاربۆڵ زانای ئاشورییە و پسپۆڕە لە توێژینەوە کۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی کۆپنهاگن، لە بەرامبەردا لوند راسموسن زانای بایۆلۆجییە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد.

توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لە دوایین توێژینەوەکان سەرچاوەیەکی هیندستانیان هێناوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ساڵی 1500 پێش زایینی، وەک یەکەم ئاماژە بۆ "ماچکردنی رۆمانسی".

ئاربۆڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "زانیم کە پێشتر ماچکردن لە میزۆپۆتامیا هەبووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە بەڵگەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کۆکراونەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەو زانیارییانە لە بوارەکانی دیکە نەبووبن".

لە هەزاران دەقە مسماریە کۆنەکاندا، توێژەران تاڕادەیەک کەم ماچکردنی رۆمانسیان دۆزیوتەوە. بەڵام ئاماژەیان بەوەشکردووە، "نموونەی روون هەیە کە دەریدەخات ماچکردن لە سەردەمی کۆندا بە بەشێکی ئاسایی پەیوەندی سۆزداری دادەنرا"، توێژەران جیاوازییان لە نێوان "ماچکردنی دۆستانە نێوان دایک و باوک" و "ماچکردنی سێکسی و رۆمانسی" کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێدەچێت ماچی دۆستانە لە هەموو شوێنێکدا هەبێت، بەڵام ماچی رۆمانسی لە هەموو کولتوورەکانی جیهاندا نییە.

Fly Erbil Advertisment