عێراق و میسر 11 رێککەوتنی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی واژۆ کرد

لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر، بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مستەفا مەدبولی، سەرۆکوەزیرانی میسر، کارەکانی چوارەمین خولی خۆی لە پایتەختی نوێی کارگێڕیی قاهیرە کۆتاییان پێهێنا و 11 بەڵگەنامەی هاوکاریی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و زانست واژۆ کران.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، یاداشتنامە و رێککەوتنە واژۆکراوەکان ئامانجیان بەهێزکردنی چوارچێوەکانی هاوکاریی دوولایەنە و فراوانکردنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان بکاتەوە.

بەڵگەنامە و یاداشتنامەکانی لێکگەیشتن، واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەکانی خولی چوارەمی لیژنەی باڵای هاوبەشی هەردوو وڵات، هەروەها رێککەوتنی خۆبەدوورگرتن لە باجی دووبارە و رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باجی سەر داهات و سەرمایەی لەخۆگرت.

هاوکات چەندین یاداشتنامەی دیکەی لێکتێگەیشتن واژۆ کران، لەوانە لە بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، هاوکاری لە بواری رادیۆ و تەلەڤیزیۆن، گەشەپێدانی سامانی ماسی، لەگەڵ یاداشتنامەیەک لەبارەی چاودێریی ناوەکی و تیشکدانەوە.

هەر لە چوارچێوەی رێککەوتنەکاندا، یاداشتنامەیەک بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی زانستی و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکان، یاداشتنامەیەک لە بواری ستاندارد و کوالێتی، لەگەڵ دوو پاشکۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی لاوان و وەرزش واژۆ کران.

سەرباری ئەوانەش، بەرنامەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پلاندانانی عێراق و پەیمانگەی نیشتمانیی پلاندانانی میسر پەسندکرا و بە فەرمی واژۆ کرا.

دوێنێ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە قاهیرە و لە میانەی سەردانە فەرمییەکەیدا، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەوە، لەو دیدارەشدا رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و هەماهەنگیی هاوبەش سەبارەت بە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران.