واشنتن و قەتەر بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران کۆدەبنەوە
لەکاتێکدا هەڕەشە و وەڵامدانەوەکانی نێوان واشنتن و تاران روو لە زیادبوونە، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئاشکرایکرد، لە واشنتن کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندێکی قەتەری بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار روونیکردەوە، محەمەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەلی زەوادی، نێردەی قەتەر، لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاویکردەوە، سەرچاوەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کۆبوونەوەکە نەخستەڕوو، هاوکات نووسینگەی ڤانسیش دەستبەجێ وەڵامی داواکاریی لێدوانی نەدایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایانکرد، نزیکەی 50 کەشتی کە نەوت، چڕکراوەکان، ماددەی کیمیایی و کەرەستەی مەترسیداریان دەگواستەوە، رووبەڕووی هێرشی سایبەری بوونەتەوە کە پێدەچێت ئێران لەپشتیانەوە بێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری ئەو بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، هەندێک لە کەشتییەکان هۆشداری و هەڕەشەی بوونی بۆمبیان پێگەیشتووە کە ئەگەری تەقینەوەیان لێ دەکرێت، هەروەها بەرپرسەکان پێیانوایە رەنگە ئێران و رووسیا لەپشت ئەو پەیامانەوە بن.
ئەو زانیارییانە لەکاتێکدان بەرپرسانی ئێران دووپاتیدەکەنەوە، سوورن لەسەر شکاندنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی وڵاتەکەیان.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لەدوای سەرەتای ساڵی نوێ (2027) ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی تاران دەستپێدەکەنەوە، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان، هەڵکشانی دۆخی ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دێت.
هەینیی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "تاران دەیەوێت رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە کارە دوژمنکارییەکان بکات، بەڵام ئەو رێککەوتنە لای من قبووڵکراو نییە". ترەمپ گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت رێککەوتنێکی راستەقینە بکەین، نەک رێککەوتنێکی ساختە".
کۆتایی هەفتەی رابردوو، محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان گەشبینیی خۆی بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی نزیک لەنێوان ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەربڕی و هۆشداریدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت بەرگەی بەردەوامیی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت.
هاوکات ناوبژیوانان فشار دەکەن بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز، لە بەرامبەر کەمکردنەوەیەکی سنوورداری گەمارۆکانی سەر تاران، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانێکی بەرفراوانتر کە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بگرێتەوە.
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە شوباتی رابردوودا، پاکستان و قەتەر چوونە نێو هێڵی ناوبژیوانی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان. هەوڵەکانی ناوبژیوانی لە حوزەیرانی رابردوودا بووە هۆی واژۆکردنی رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان تاران و واشنتن، بەڵام دواتر بەخێرایی هەڵوەشایەوە و ئەمریکا هێرشە سنووردارەکانی بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان دەستپێکردەوە.
ئێستا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە و رێگری لە هاتن و دەرچوونی کەشتییەکان دەکات. لە بەرامبەردا، تاران بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و نزیک بە رۆژانە رایدەگەیەنێت کە کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا رووبەڕووی رووداوی مین و تەقینەوە بوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئیسرائیل بەردەوام گوشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران.