پارتی و گۆڕان لە هەولێر کۆبوونەوە و جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە

K24 – هەولێر:
لە چوارچێوەی سەردانەکانی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لە شاری هەولێر سەردانی بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن شاندێکی بزووتنەوەکەوە بە سەرۆکایەتی مستەفای سەید قادر پێشوازییان لێکرا.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، پێکهاتبوو.
دوای کۆبوونەوەکەش، له كۆنفرانسێكی رۆژنامهوانی هاوبەشدا، جهعفهر ئیمێنكی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی رایگهیاند، ههریهك له پارتی و یهكێتی و گۆڕان لهبارهی پرسی ههڵبژاردن و بابهته چارهنووسسازهكان هاوڕان و لێكنزیكبوونهوهیهكی زۆر لهنێوانیاندا ههیه و ههموو لایهك كۆكن لهسهر ئهوهی ههڵبژاردن له كاتی دیاریكراوی خۆیدا بهڕێوهبچێت.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی گوتیشی، له كۆبوونهوهكانیان لهگهڵ تهواوی لایهنهكان بهردهوام دهبن.
لەلایەن خۆیەوە، كاردۆ محەممهد، ئهندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنهوهی گۆڕان جهختی كردهوه، بزووتنهوهكهیان لهگهڵ ئهوهیه ههڵبژاردنێكی پاك و بێگهر بهڕێوهبچێت و دووپاتیكردهوه، دهبێت كار بۆ بچووككردنهوهی درزی نێوان لایهنهكان بكهن، بۆ ئهوهی بتوانن پڕۆسهیهكی ههڵبژاردن بهڕێوهببهن، كه ئهنجامهكانی له خزمهت بهرژهوهندیی ههموو خهڵكی كوردستاندا بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی هەینی (19ـی ئایاری 2023)، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی، سەردانی هەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی، حزبی شیوعی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوورییان کرد.
سەردانەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەچوارچێوەی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی دێت بۆ ئاشتەوایی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و گەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.
هاوکات ئەمڕۆ (21ـی ئایاری 2023)، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکانیان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".
لە کاتێکدا، رۆژی هەینی (19ـی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی هەمواکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
بەگوێرهی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، بڕیاردراوە لەم هەفتەیەدا، بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر دوایین گفتوگۆکان و رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە و کۆنووسێک ئامادە بکەن و دواتر کۆنووسەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
هەروەها رۆژی سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.
دوای ئەوەش لە رۆژی (پێنجشهممه 18ـی ئایاری 2023) جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق له میانی پێشكهشكردنی راپۆرتێك له كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان رایگهیاند، سهرۆكی ههرێمی كوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی دیاریكردووه بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردن له ههرێمی كوردستان، بۆیه ههر چۆنێك بێت، نابێت ههڵبژاردن لهوه زیاتر دوابكهوێت و دهبێت ههمووان بهو وادهیه پابهند بن.
رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.
هەر ئەمڕۆ (21ـی ئایاری 2023)، لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمانى كوردستان، له بهیاننامهیهكدا كه ئاراستهی گشت ئهندامانى پهرلهمانی کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، خاڵێکی دیکە بۆ دانیشتنی سبەی دووشەممە زیادکراوە، ئەویش كاراكردنهوهى ئهنجوومهنی كۆمیسیارانە بۆ ماوهى پێنج ساڵ لە رێکەوتی تەواوبوونی ماوەی یەکەمی لە ( 23ـی کانوونی یەکەمی 2019).
پێش ئەو راگەیەنداوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راپرسی، بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژادن و چۆنیەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، لایەنەکان داوایان کردووە، کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان وەکو خۆی کارابکرێتەوە و بەرکەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 نەکرێتە پێوەر، لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش، پارتی رەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیازە دەربڕیوە.