بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گرژی خستە نێو پەرلەمانی کوردستاندا

دیمەنێکی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان
دیمەنێکی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، گرژی و ئاڵۆزی خستە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا. لە کاتێکدا فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەدات، بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجوومەنەکە کارا کراوەتەوە، فراکسیۆنی یەکێتی، ئەو لێدوانە رەتدەکاتەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، بڕگەی دەنگدان لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران "بەپێێ بڕگەی دووەم لە ماددەی 48" خرایە دەنگدانەوە و دەنگی پێویستی بەەدەست هێنا. دەشڵێت: "بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی هەمان ماددە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستانی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستهێنا."

 

 

لەلایەکی دیکەوە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ئەو هەنگاوەی فراکسیۆنی پارتی بە "نایاسایی" ناو دەبات و دەڵێت: "ئەم ھەنگاوەی پارتی پێچەوانەی مادەی 48ـی بڕگەی چوارە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی 24 کاتژمێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیەندراوە."

هێمن هەورامی، پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان: بە مەرج ئامادەین دانیشتنەکە دوابخرێت

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان  بۆ کوردستان24 قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوە درێژکراوەتەوە "زەمینەسازی یاسایی و سیاسی بکرێت و لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستینشانکردووە، کەمتر لە شەش مانگ بۆ ئەو ماوەیە ماوە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لەپێناو ئەوەی سازانی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت، ئامادەن دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سبەی دوابخرێت، "بەمەبەستی ئەوەی کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بە زیادكردنی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ پۆسته‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان پێویستن. بەمەرجێک سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت دانیشتنەکە بۆ سبەی سێشەممەیە بەهەمان بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ."

لەکاتی بەڕێووچوونی دانیشتنی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو

دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر 11:00 بەکاتی هەولێر بە ئامادەبوونی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان؛ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان؛ مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان و پەرلەمانتارانی یەکێتی، پارتی، گۆڕان و کۆتاکان دەستیپێکرد.

لەمیانی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لەپێناوی پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە رەهایەی خۆم بەکاربهێنم کە لە بڕگەی 3ی مادەەی 18 هاتووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوادەخەم بۆ کاتێکی تر". لە وەڵامدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەوە دەمارگیرییە و هەر پەرلەمانتارێک لەگەڵ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەیە دەست بەرزکاتەوە".

دوای ئەو قسەیەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتیدا دروستبوو و ئەندام پەرلەمانەکانی هەردوو حزب چوونە شوێنی دانیشتنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (وەکو ئەوەی لە پەخشی راستەوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا دەرکەوت).

فراکسیۆنی پارتی: هەنگاوێکی پەیرەوی و یاساییمان ناوە

دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێو هۆڵی پەرلەمان؛ زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند،  رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بڕگەکانی ماددەی 48 و راوێژ بکات بە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ دواخستنی برگەی بەرنامەی کار، بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دواخستووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونیشیکردەوە، لە بڕگەکانی ماددەی 48دا هاتووە، "دواخستنی هەر بڕگەیەکی بەرنامەی کار لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، نەک تەنها سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان"، بۆیە بە پشتەبەستن بەم بڕگەیە، هێمن هەوارامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوایکردووە بە بەردەوامبوونی دانیشتنەکە و دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن. ئاماژەی بەوەشکرد، "بە کۆی دەنگی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنبووون و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت، بڕیاردارا دانیشتنەکە بەردەوام بێت و دەنگ لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دا."

 

 

زانا مەلا خالید دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە "هەنگاوێکی تەواو پەیرەوی و یاسایی بوو" ناودەبات و دەڵێت: "بەپێێ بڕگەی دووەم لە ماددەی 48، ئەم بابەتە خرایە دەنگدان و دەنگی پێویستی بەەدەست هێنا و بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی هەمان ماددە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستانی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستهێنا."

 

 

لای خۆیەوە پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کارا کراوەتەوە و  "ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ  کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کێ لەگەڵ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە".

لەبارەی گرژییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانیشدا لەنێوان ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی و یەکێتی؛ ئاماژەی بەوەکرد، وەکو کارێکی ئاسایی پەرلەمانیی لێی دەروانن و "گرژی و ئاڵۆزی لە کاری پەرلەمانیدا حاڵەتێکی ئاساییە."

بەگوتەی پێشەوا هەورامی. وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خویدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا بژاردەیەکی "ناچاری بوو، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە".

سەرۆکی لیژنەی یاسایی: هەنگاوی فراکسیۆنی پارتی 100% یاسایی و پەیرەوەیی بوو

بژار زوبێر کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دەنگدانی ئەمڕۆی 58 ئەندام پەرلەمان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 48 و بڕگەی چوارەم لە پەیرەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوی فراکسیۆنی پارتی "100  %پەیرەویی و یاسایییە" و هیچ سەرپێچییەک ئەنجام نەداوە.

بەگوتەی بژار کۆچەر، دەسەڵاتی دانانی بەرنامەی کاری هەر دانیشتنتێکی پەرلەمان، "لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەماندایە، نەک سەرۆکی پەرلەمان بە تەنها"  و لەبەر ئەوەی هەر یەکە لە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان واژوویان لەسەر زیادکردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کردووە، هەنگاوەکە یاسایی و پەیرەوییە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان: دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دواخراوە

لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێو پەرلەمان و لێدوانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (18) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوە و تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دواخراوە و کۆتایی پێهات.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا روونیکردووەتەوە، هیچ دەرئەنجامێکی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت و "بەپێی بڕگەی (11)ی ماددەی (18) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایە و بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە: دانیشتنەکە بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران راگەیەندراوێكی بۆ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕگەی یەكەم لە ماددەی (19)ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە "پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا" سەرۆكایەتی دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوەی كرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەكان دانیشتنەكەی بەڕێوە برد".

ئاماژە بەوەشکراوە: "هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت".

فراکسیۆنی یەکێتی هەنگاوی فراکسیۆنی پارتی بە "نایاسایی" ناودەبات

دوای لێدوانی زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، لای خۆیەوە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ئەو هەنگاوەی فراکسیۆنی پارتی بە "نایاسایی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد، "پارتی لە ھەنگاوێکی تاکلایەنەی نایاسایی، بڕگەیەکیان بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان زیاد کردووە و نوێنەرێکی پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیڕەوی، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی ململانێی سیاسی."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند، "ئەم ھەنگاوە پێچەوانەی مادەی 48ـی بڕگەی چوارە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی 24 کاتژمێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیەندراوە."

فڕاکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات لایەنەکان کێشەکان چارەسەر بکەن

لای خۆیەوە فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانیدا لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌ك پاكێجه‌ و پێویسته‌ به‌ سازانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌.

فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە گرنگی دەزانێت، پارتی، یەکێتی و سەرجەم لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی کوردستان به‌ ته‌بایی و برایه‌تی و یه‌كڕیزی ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن.

دوێنێ هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە

دوێنێ یەکشەممە 22ـی ئایاری 2023، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: 18ـی تشرینی دووەمی 2023 وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە

رۆژی 26ـی ئاداری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".