پەکین و مۆسکۆ کۆمەڵێک رێککەوتن واژۆ دەکەن

میخائیل میشوستین و لی کیکیانگ
میخائیل میشوستین و لی کیکیانگ

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پەکین و مۆسکۆ کۆمەڵێک رێککەوتنی دوو قۆڵی واژۆ دەکەن، لە چوارچێوەی سەردانەکەی میخائیل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ چین، لە کاتێکدا هەردوو وڵاتی دراوسێ بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی هاوکارییە هاوبەشەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە،24ی ئایاری 2023، لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی رووسیا بۆ پەکین پاکێجێکی رێککەوتنی هاوبەش واژۆ دەکەن، بۆ ئەوەی هەردوو وڵاتەکە بەردەوام بن لە بەهێزکردنی هاوکارییە دوو قۆڵییەکانیان، سەرەڕای رەخنەکانی رۆژئاوا لەو دوو وڵاتە.

بەگوێرەی راپۆرتی حکومەتی رووسیا، میخائیل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا، سەردانی پەکینی کردووە، لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و لی کیکیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین کۆبووەتەوە.

ئاژانسی ئینتەرفاکسی رووسیا بڵاویکردەوە، "لەئەنجامی گفتوگۆکاندا، بڕیارە ژمارەیەک رێککەوتنی دوولایەنە واژۆبکرێت"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

سەردانەکە دوای ئەو لێدوانانە دێت کە لە کۆتایی هەفتەی لوتکەی گروپی جی حەوتدا لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن لە دژی ئەوان دراون، دیارترینیان شەڕی ئۆکرانیا، ئەتۆمیی و چەک و فشارە ئابوورییەکان.

لی کیکیانگ لە کۆبوونەوەکەدا لە پەکین بە هاوتا ڕووسییەکەی میخائیل میشوستینی ڕاگەیاندووە، هاوکارییە کردارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا گەشەیەکی "باش"ی نیشانداوە، هەروەها قەبارەی وەبەرهێنانی نێوان هەردوو وڵاتیش شاهیدی گەشەسەندنە بەردەوامەکانە.

بەپێی داتاکانی گومرگی چین، هەناردەی چین بۆ رووسیا لە مانگی نیساندا بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە و لە چاو ساڵی رابردوودا بە رێژەی 153.1% بەرزبووەتەوە.

کۆمپانیای ئینتەرفاکس لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا دابینکردنی وزەی رووسیا بۆ چین بە رێژەی لەسەدا 40 بەرزبێتەوە، هەروەها هەردوو وڵات تاوتوێی دابینکردنی کەرەستەی تەکنەلۆژی بۆ رووسیا دەکەن.

Fly Erbil Advertisment