حکومەتی هەرێمی کوردستان: پابەندی هیچ بڕیارێک نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە
K24 - هەولێر:
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامدراوە، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە.
ئەمڕۆ هەینی (26ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە".
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە".
دەقی راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/5/26
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.
لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.