لیژنەی دارایی پێچەوانەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی و رێککەوتنی لەگەڵ هەرێم بڕیاردەدات

ئایا پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی ئەو کارنامەیەی بۆ حکومەت پەسەندی کردووە یاسایەکی بۆدەردەکات؟
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

دوای پەسەندکردنی هەردوو ماددەی 13 و 14ــی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە رەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەکەی سوودانی و رێککەوتنی واژووکراوی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵییە.

دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، پێش چەند رۆژێک لەکۆتایی هاتنی گفتوگۆکان و ئامادەکاری بۆ دەنگدان لەسەر کۆی پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانەوە، چەند پەرلەمانتارێکی لیژنەکە پێشنیازی گۆرانکاری لەو دوو ماددەیەدا پێشکەش دەکەن کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە وابڕیاربوو رۆژی شەممە (27ـی ئایاری 2023) ئەنجام بدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

کارنامەی کابینەی سوودانی جەخت لە دانوستان لەگەڵ هەرێم دەکاتەوە

کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە (24ـی تشرینی یەکەمی 2022) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکرا لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کە ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ رێککەوتنی (4ـی نیسانی 2023) لەنێوان هەولێر و بەغدا.

ئەوەی تایبەت بێت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، لە كارنامه‌ی حكومه‌تی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، جەخت لەسەر دانوستاندن لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز کراوەتەوە تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور پەسەند دەکرێت.

هاوکات ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەیەک له‌ پسپۆڕانی هەردوو بواری دارایی و نه‌وت کراوەتەوە بۆ داڕشتنەوەی یاساکە بۆ گەیشتن بە دەقی هاوبەش ئەمەش بە هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت.

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا

دوای بەردەوامی هەوڵ و گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا و یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لە (11ـی کانوونی دووەمی 2023) دوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی، دوای ئەوەش لە (14ـی ئاداری 2023)ـش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد، کە ئەمانەش بەشێک بوون لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

دواتر لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەش، نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەشی لە هەژمارێکی بانکی تایبەت دادەنرێت کە دەسەڵاتی خەرجکردنی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت یان ئەو کەسەی لەلایەن ئەوەوە رادەسپێردرێت.

لیژنەی دارایی پێچەوانەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بڕیاریدا

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری نوێی له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و عه‌سائیب پێشنیازه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌رنه‌كراوه‌ لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.

زیاتر گوتی، "رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه‌، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه‌ گرت بەوەی كه‌ رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون".

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆمان روونکردنەوە، کە ئێمە پابەندی رەشنووسەکەی حکومەت دەبین، چونکە ئێمە لەچوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتنمان هەیە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سوودانی رێککەوتنمان هەیە، ناکرێت پەرلەمانتارێک بێت یاسایەک بۆ چارەنووسی شەش ملیۆن و 500 هەزار کەس بنووسێت، لە کاتێکدا کە حکومەتی خۆی هەبێت، ئەوەی جێی سەرنج بوو لە رەشنووسەکەدا، نووسراوەکان لەبەرژەوەندی یەكێتیش نییە، زۆرم پێ سەیره‌، کەسێک بچێت رێککەوتن بکات، کەچی هیچ نەبێ بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیشی لەبەرچاو نەگرێت، ئەوەی نووسراوە زیان بە کەرکووک و نەوتی کەرکووک و گرێبەستە نەوتییەکانیش دەگەیەنێت.

ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە و هەرێمی کوردستان

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.

لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینی کردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، به‌پێی ئه‌م گۆڕانكاریەش پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم حسابی بۆنه‌كراوه ‌و وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی ناوەڕاست و باشوور حسابی بۆ كراوه‌.

هەروەها لە خاڵی هەشت هاتووە لە کاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت.

لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.

هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.

لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکومەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پابەندی رێكکەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا دەبێت

هەر ئەمڕۆ هەینی (26ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێێدا هاتووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە".

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە".

تائێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە

لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر تورکیا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە راگیرا و تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە، هەر ئەو رۆژەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.

هەرچەندە تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەرجەم رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە و لە (10ـی ئایاری 2023)، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی لایەنی تورکی کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

رۆژی هەینی (12ـی ئایاری 2023)، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت بە کوردستان24ی راگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق پێی راگەیاندوون نووسراویان بۆ لایەنی تورکی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهەمان بڕی پێشوو و بەنرخی سۆمۆ.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت روونیکردەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە (4ـی نیسانی 2023) بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی واژووکرا، داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی سۆمۆ دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکی کە خەرجکردنی لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان کەسێک ئەو رایدەسپێرێت دەبێت و بەپێی گرێبەستی کۆمپانیاکان شایستە داراییەکانیان دەدرێتەوە.

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجە، کەمال محەممەد روونیکردەوە، دوای پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، پشکی هەرێمی کوردستان چەندبوو ئەوا لەو داهاتە دەدرێت، ئەگەر زیاتر بوو رادەستی بەغدا دەکرێت و ئەگەر کەمتریش بوو ئەوا بەغدا بڕی بودجەکە تەواو دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو بڕەی پشکی هەرێمی کوردستانە.

حکومەتی عێراق بودجەی سێ ساڵی ئامادەکردووە

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

پاڵپشتی یاسایی بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لەدەسەڵاتی ئەودایە، هەربۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و چارەسەری ناکۆکییەکان بە رێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دواخراون، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرسە یەکلاکرایەوە و هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن.

لە 9ـی ئابی 2007ـدا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007: "یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2013 بڕی 57 گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێكتەرە پشتی بە مادەکانی 111، 112، 115 و 121ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێمی کوردستان.

لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2013ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و گازدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان کردەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام هیچ کات رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێنەکراون.

لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، حکومەت هەنگاوی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی رەنگیدایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور لەگەڵ بەغدا کردەوە.