حکوومەتی عێراق: لە روانگەی ململانێی سیاسیی بڕیار لەسەر جیاکردنەوەی بودجە نادەین
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، بەغدا لە روانگەی دەستوور و یاساوە مامەڵە لەگەڵ پرسی جیاکردنەوەی بەشەبودجەی پارێزگاکان دەکات نەک لەسەر بنەمای ململانێی سیاسی؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لێژنەیەکی باڵای ئەمنی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و مانگی حوزەیرانی 2027یش وەک دوا وادە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دیاری کراوە.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە، ئاماژەی بە بوونی ناکۆکیی قووڵ لەنێو ماڵی کوردیدا کرد و گوتی: ئێمە وەک حکوومەت ئاگاداری ئەو ناکۆکییە توندەی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانین و هیوادارین کۆتایی پێ بێت، بەڵام بۆ پرسی جیاکردنەوەی بودجە، بەغدا تەنیا لە روانگەی دەستوورییەوە دەڕوانێتە بابەتەکە؛ ئەگەر بنەمایەکی دەستووری و یاسایی روون هەبێت تاوتوێی دەکات، نەک لەسەر بنەمای ململانێی سیاسی.
سەبارەت بە هەوڵی جیاکردنەوەی بەشەبودجەی پارێزگاکان، حەیدەر عەبوودی دووپاتی کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ بەپێی میزاجی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەم داواکارییەدا ناکات، بەڵکوو دەستوور و یاسا یەکلاکەرەوەن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، کاتێک پێشکەشکاری بەرنامەکە پرسیاری لەبارەی تۆمارکردنی 12 هێرشی درۆنی لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کرد، گوتەبێژی حکوومەت هێرشەکانی بە مەترسیدار وەسف کرد و ئاشکرای کرد کە دۆسیەکە لەژێر لێکۆڵینەوەی وردی لێژنەیەکی باڵای ئەمنیدایە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران.
حەیدەر عەبوودی گوتی: ئەم هێرشانە دوو رەهەندی ئەمنی و سیاسییان هەیە؛ لە رووی کات و شوێنی هێرشەکە و ئەو لایەنەی لە پەلاماردانی کێڵگەکە سوودمەند دەبێت خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لێژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر بنەمای بەڵگەی تەکنیکی و هەواڵگری کار دەکات بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی درۆنەکان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی، چونکە پاراستنی کێڵگە و ژێرخانی گازی و نەوتیی وڵات ئاسایشی نیشتمانییە و کەمتەرخەمیی تێدا ناکرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختیشی کردەوە، حکوومەت لە هەڵمەتەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و قەدەخەکردنی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان لە سەرتاسەری عێراق بەردەوامە و مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 وەک دوا وادە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دیاری کراوە، رێگەش نادرێت هیچ گرووپ و لایەنێک سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.