لە ئیزمیر 42 کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کران
لە ناوچەی ئەلیاغای سەر بە پارێزگای ئیزمیری تورکیا، 42 کۆچبەری نایاسایی لە ناو بەلەمێکدا دەستگیر کران کە هەوڵیان دەدا بەرەو ئەورووپا بپەڕنەوە.
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیری تورکیا، لە راگەیەندراوێکی نووسراودا کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، لە ناو کۆچبەرە دەستگیرکراوەکاندا چوار منداڵ هەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم کۆچبەرە نایاساییەکان دوای تەواوبوونی رێکارەکان، رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچبەرانی پارێزگای ئیزمیر کراون.
پارێزگای ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و نزیکیی لە دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجەدا، بە یەکێک لە دیارترین خاڵەکانی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو وڵاتانی ئەورووپا دادەنرێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رێوشوێنە ئەمنییەکانیان لە سنوورە ئاوییەکاندا توندتر کردووەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هەوڵەکانی پەڕینەوە لە رێگەی دەریاوە.