عارف روشدی: بڕیارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پیلانی لایەنە تایفییەکانە
K24 - هەولێر:
راوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەوەی دەنگی لەسەردراوە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە، پیلانی لایەنە تایفییەکانە دژە بە هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی دوو ئەندامی بەناو کورد.
عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر بڕیارەکانی لیژنەی دارایی سەبارەت بە ماددەی 13 و 14، پێش دەنگدان و پەسندکردنی لەناو هۆڵی پەرلەمان چارەسەرنەکرێت، هەرێمی کوردستان رووبەرووی تەنگەژەی قوڵی ئابووری و سیاسی دەکاتەوە.
هەروەها راشیگەیاند، "ئەم کارەیان یارییەکی دڵڕەشانەی بە ئەنقەستی مەبەستدارە بە قوتی خەڵکی کورستان، نەک وەک هەندێ هەرزەکاری نالەبار پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن گوایە پاشەکەوت دەدرێتەوە".
راوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی باسی لەوەشکرد، لە بنەرەتدا رێژەی بەشی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەدا رەچاوی دانیشتوانەکەی نەکراوە، تەنانەت بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلان دانانی عێراقی پێویست بوو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا %14 بێت، بەڵکو کەمکراوەتەوە بۆ %12.67. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، هۆکاری پاشەکەوتکردنی مووچە، بەهۆی راگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە بووە لەلایەن بەغدا.
عارف روشدی ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەو بڕیارانە و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان، نەک گەڕانەوەی پاشەکەوت، بەڵکو کێشەی گەورە بۆ پێدانی مووچە و جێبەجێکردنی پڕوژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان دروستدەبێت.
جەختی لەوەکردەوە، "مەبەستی لایەنە دەنگدەرەکان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راگرتنی رەورەوەی ژیانە لە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هەڵوێستی نانیشتمانی دوو ئەندامە بە ناو کوردەکەیە".
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.
لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری سهرۆكی لیژنهی دارایی له پهرلهمانی عێراق زانیاری نوێی له بارهی گۆڕانكارییهكانی پڕۆژهیاسای بودجه و ماددهكانی پهیوهست به ههرێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، پهرلهمانتارانی یهكێتی و عهسائیب پێشنیازهكانیان كردووه و له كاتێكدا رێككهوتنی پێشوهختهی لهسهرنهكراوه لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.
زیاتر گوتی، "رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه گرت بەوەی كه رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون".
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆمان روونکردنەوە، کە ئێمە پابەندی رەشنووسەکەی حکومەت دەبین، چونکە ئێمە لەچوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتنمان هەیە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سوودانی رێککەوتنمان هەیە، ناکرێت پەرلەمانتارێک بێت یاسایەک بۆ چارەنووسی شەش ملیۆن و 500 هەزار کەس بنووسێت، لە کاتێکدا کە حکومەتی خۆی هەبێت، ئەوەی جێی سەرنج بوو لە رەشنووسەکەدا، نووسراوەکان لەبەرژەوەندی یەكێتیش نییە، زۆرم پێ سەیره، کەسێک بچێت رێککەوتن بکات، کەچی هیچ نەبێ بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیشی لەبەرچاو نەگرێت، ئەوەی نووسراوە زیان بە کەرکووک و نەوتی کەرکووک و گرێبەستە نەوتییەکانیش دەگەیەنێت.