سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆدەبێتەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان کرد.
شاندەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆكایەتیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتیی بزووتنەوەکە سەردانی سەرۆک بارزانیان کردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها و پڕەنسیپە باڵاكان و ئەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە.
ئاماژە بەوەشدرا، هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ هەڵوێستە نیشتیمانی و مێژووییەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان هەبوو و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.
