موسەننا ئەمین: لەگەڵ گۆڕانکارییەک نین زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت

K24 - هەولێر:

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەوان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی نێو پڕۆژەیاسای بودجە نین کە زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

موسەننا ئەمین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە نەوەی نوێ گرت و رایگەیاند، ئەو حزبە چەواشەکاری دەکات و نوێنەری لە لیژنەی دارایی پەرلەمان نییە و لە راگەیاندنەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە مووچە و شایستە داراییەکان بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێننەوە.

گوتیشی: کەسێک بڕوات لە بودجەی عێراق مووچەی خێزانەکەی من وەرگرێتەوە، چۆن پشتگیری لێناکەین، ئەمە چ درۆ و چەواشەکاریەکە، لە راگەیاندن بڵێت نەوەی نوێ 60 واژووی کۆکردووەتەوە و پەرلەمانتارانی یەکێتی، پارتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ واژوویان نەکردووە، لەکاتێکدا هیچ نووسراوێکی نەخستووەتە بەردەستی ئێمە تا واژۆی بکەین.