دوو ئەفسەری پێشمەرگە لە هۆڵەندا بەشداری لە کۆنفراسێک دەکەن کە تایبەتە بە چەکی کیمیاوی

K24 - هەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو ئەفسەریی پێشمەرگە بەشدارییان لە کۆنفرانسی "رێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیاوی سەرەتایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" کرد کە له شاری لاھای وڵاتی هۆڵەندا، بەرێوەچوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆنفرانسی لاھای بۆ "رێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیاوی سەرەتایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" لە رۆژی 28ـی ئایاری 2023 لە شاری لاهای لە هۆڵەندا دەستیپێکرد و چوار رۆژی خایاند.

رێکخراوی CRDF - Global سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە و ئەرکی رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

.

لە کۆنفراسەکەدا، شارەزایانی بواری کیمیاوی لە FBI (دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی) و ئینتەرپوڵ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەشداریان کردووە.

ئاماژە بەوەشدرا، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و شارەزایانی بواری کیمیاوی لە وڵاتی ئوردەن بەشداری کونفرانسەکە بوون، لە عێراقیش ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای سەربازی عێراقی بانگهێشتی کونفرانسەکە کرابوون.

.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ھەرێمی کوردستانیش چوار ئەفسەر لەم کونفرانسه گرینگه ئاماده بوون که دوو ئەفسەر سەر به وەزارەتی پێشمەرگە و دوو ئەفسەری دیکەش سەر به وەزارەتی ناوخۆ بوون.

وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند، لەم کۆنفرانسەدا، بەشداربووان جەختیان لەسەر پەرەدان به ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ رێگریکردن لە تیرۆرستان بۆ دەستکەوتنیان به ھەر جۆره کەرەستەیەک کرد کە ببێتە ھۆی دروستکردنی چەکی کیمیاوی، ھەروەھا لە سەر بابەتی چاودێریکردنی ئەو ماددە کیمیاوییانە کە دەبنە ھۆی دروست کردنی بۆمبە کیمیاوییەکان لە لایەن تیرورستانەوه.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە له بەشێکی دیکەی ئەم کۆنفرانسه ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارازەیان لە بواری چەکی کیمیاوی، تەوەری مەترسی دەستپێڕاگەیشتنی تیرۆرستان به ماددە ژەھراوییەکان و بەکارھێنانیان دژ به خەلکی سڤێلیان، خسته بەر باس و گفتوگۆ.

ئەمڕۆش کە کۆتا رۆژی کۆنفرانسەکەبوو، بە ئامادەبوونی کونسوڵی ئەمەریکا لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی OPCW و هەروەها بەرپرسانی کونسوڵخانەی عێراق و ئوردەن لە ھوڵەندا، بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی کۆنفرانسەکەدا دابەشکرا.

.