ئاسۆ زەنگەنە: پێویستە ئاژەڵداران بە خۆپارێزییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکانیان بکەن

دکتۆر ئاسۆ زەنگەنە،
دکتۆر ئاسۆ زەنگەنە،

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندرووستی لە وەزارەتی تەندروستی، رایگەیاند، نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لە رێگەی خوێن و گەنەوە. هاوکات گوتیشی: پێویستە ئاژەڵداران بە خۆپارێزییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکانیان بکەن".

ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانییەوە پلانی ساڵانەی هەیە بۆ رشاندن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی رشاندن وەک پێویست ناکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، تای خوێنبەربوون تەنها ئەرکی وەزارەتی تەندروسستی نییە، بەڵکو ئەرکی وەزارەتی کشتووکاڵیشە  رێنمایی بڵاوکاتەوە، بە تایبەت بەشی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستە رێنمایی ئاژەڵداران بکەن کە ئاژەڵەکانیان بخەنە ناو مادەیەکی پاککەرەوە، کە ئەو ماددەیە ناهێڵێت ئەو گەنەیە لەسەر لاشەی ئاژەڵەکە بمێنێت.

ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی تەندروستی ئەم ساڵ 150 کارمەندی تەندروستی و پزیشکیان مەشق پێکردووە لەسەر نەخۆشیە مەترسیدارەکان، یەکێکیش لەو نەخۆشیانە پەتای خوێنبەربوونە، ئەو چالاکیەش کە ئەنجامانداوە لەڕێگەی دەزگایەکی ئەمەریکی بووە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی.

روونیکردەوە، بەشەکانی پتەوکردنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەردەوامن لە کاری خۆیان پۆستەر بڵاودەکەنەوە و رێنمایی خەڵکی دەکەن کە چۆن خۆیان بپارێزن لەو نەخۆشییە.

ئاسۆ زەنگەنە، جەختی لەوەکردەوە، "ئەوانەی کە ئاژەڵدارن و ئاژەڵ سەردەبڕن، پێویستە خۆپارێزیەکی باشبکەن بە تایبەت لەو ئاژەڵانەی کە گەنەیان پێویە، ئەویش لە رێگەی لەدەستکردنی دەستکێش و جلی قۆڵدرێژ هەروەها پاش سەربڕینی ئاژەڵەکە دەبێت شوێنەکە خاوێن بکرێتەوە لە رێگەی بەکارهێنانی مادە خاوێنکرەوەکان، دەتوانن فاس بەکاربهێنن، هەروەها ئەو چەقۆیانەش پێویستە خاوێن بکرێتەوە کە ئاژەڵەکەی پێ سەردەبڕن".

ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی تەندروستی، داوکارە لە ئافرەتانی ناوماڵ تەختەی پارچەکردنی گۆشتی سوور جیا بێت لەگەڵ تەختەی چاکردنی سەوزە و میوە. هەروەها دەشڵێت: "کاتێک گۆشتی سوور ئامادە دەکەن پێویستە گۆشتەکە بە جوانی بکوڵێندرێت".

بە گوێرەی ئاامرێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون، لە هەر هەشت کەسێک  کە تووشی نەخۆشییەکە دەبێت  کەسێکیان بە توندی دەیگرێت، ئەو توندیەش زۆر جار دەبێتە هۆی مردن. رێژەی مردن لە نێوان %10 بۆ %40،  بەڵام لە عێراق  رێژەکە دەگاتە %50.

تای خوێنبه‌ربوون، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌ گوازراوه‌كان، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به‌ نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه‌ تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه‌،  سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت.

له‌ هه‌فته‌ی دووه‌م زیاتر مه‌ترسیداره‌، كه‌ تووشبووه‌كه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كانی جه‌سته‌ی تووشی خوێنه‌به‌ربوون ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تووشی سكچوونی خوێناوی ده‌بێت، ئه‌مه‌ تا 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ مردن كۆتایی دێت.

نەخۆشیەکە له‌ ساڵی 1944 له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌ گشتی له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌.