بەقایی وردەکاریی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتنی خستەڕوو، جەختی کردەوە ئەمریکا پابەند کراوە بە هەڵگرتنی تەواوی سزاکان و راگرتنی جەنگ لە لوبنان، هاوکات هۆشداریشیدا کە تاران هیچ متمانەیەکی بە لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلی نییە و تەنیا چاودێری کردارەکانیان دەکات.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، لایەنی ئەمریکی موکەلەف کراوە بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان، لەوانەش سزاکانی سەرەتایی و لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی. گوتیشی: "لە ماوەی 60 ڕۆژ دوای واژۆکردنی یاداشتەکە، گفتوگۆی ورد دەربارەی پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان ئەنجام دەدرێت کە ئەمە بناغەی باسە ئابوورییەکانە."
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت دوای واژۆکردنی یاداشتەکە لە رۆژی هەینیدا، ئێران بتوانێت بەبێ هیچ ئاستەنگێک نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت. سەبارەت بە گەرووی هورمز ئاماژەی دا، "ئێمە بەدوای وەرگرتنی باج دا نین، بەڵکوو تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانە وەردەگرین کە پێشکەشی دەکەین، وەک ڕێبەریی کەشتیوانی و پاراستنی ژینگە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان بەشێکی جیانەکراوەی ئەم رێککەوتنەیە، بەڵام "ئێمە هیچ متمانەیەکمان بە ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، چونکە لە رابردوودا راستگۆییان نیشان نەداوە. ئەمریکا دەبێت نیگەرانی سیستەمی بڕیاردانی خۆی بێت کە کەوتووەتە ژێر کاریگەری لۆبییە توندڕەو و شەڕخوازەکان."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەلامەتی تیمی نیشتمانی تۆپی پێی ئێران، بەقایی گوتی: "خۆشبەختانە کەمپی تیمی ئێران لە ئەمریکا نییە، بەڵکوو لە مەکسیکە و سوپاسی میوانداری بەرپرسانی مەکسیک دەکەین بۆ ئەو رێوشوێنە ئەمنییە باشانەی گرتوویانەتە بەر."
لە کۆتاییدا بەقایی دووپاتی کردەوە کە کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی زیندوو و هۆشیارە و هەمووان چاودێری وردی کارەکانی بەرپرسان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر دەکەن، تاران ئامادەی هەموو ئەگەرەکانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.