کەرکووک.. 250 کارمەندی کۆمپانیایەک لە کارەکانیان دوورخرانەوە

250 کارمەندی کۆمپانیایەکی نەوتی لە گوندی خاڵۆبازیانی سنووری کەرکووک لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەوە نێردرانە ماڵەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، کارمەندانی کۆمپانیاکە باس لەوە دەکەن، ماوەی 20 ساڵ پێش ئێستا پاڵاوگەیەکی نەوت لێرە دروستکرا و خاوەنی کۆمپانیاکە ئەمڕۆ راژەی 250 کارمەندی راگرت و کۆتایی بە کارەکانیان هێنا، لە بەرانبەر کۆتاییهانێنان بە کارەکانیان ئەو کارمەندانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان  دەربڕی.

یەکێک لە کارمەندەکانی کۆمپانیاکە بە کوردستان24ـی گوت "چەندین ساڵە لەو کۆمپانیایە کاردەکەین، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کار نەماوە کۆتایی بەکارەکانی ئێمەیان هێنا، ئەمەش تەنیا بیانووە چونکە کۆمپانیاکانی دیکە کاردەکەن و هیچ گرفتێکیان نییە، بەڵام دەزانین کێشەیەکی سیاسی هەیە، ئێمەش باجی ئەو کێشەیە دەدەین".

هەروەها یەکێکی دیکە لەو کارمەندانە گوتی "ماوەی حەوت رۆژە کارەکانی پاڵاوگەکەیان راگرتووە، بۆ ئەوەی ئێمە بنێرنە ماڵەوە، هەروەها هێزێکی ئەمنی تایبەتی حزبی ئێستا لەنێو پاڵاوگەکە جێگیرکراون.

کارمەندێکی دیکە ئاماژەی بەوەدا، "هەموو مانگێک لە بەغداوە 45 هەزار دیناری عێراقی وەک بیمەی کۆمەڵایەتیی لە مووچەکەمان دەبڕدرا، سەرجەم کارمەندەکان لە بارودۆخێکی خراپی داراییدان، بەشێک لەو کارمەندانە کرێچین و قەرزارن".