شووتی پارێزەری دڵ و خوێنبەرەکانە

شووتی بەهۆی ئەوەی 90% بۆ 92%ی پێکهاتەکەی لە ئاوە، وەک باشترین میوە بۆ جەستە لە وەرزی گەرمادا دەناسرێت، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەم میوەیە بەهۆی ماددەی "سیتڕۆلین"ەوە دەبێتە هۆی باشترکردنی سوڕی خوێن و پاراستنی دڵ لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان و جەڵتە.

شووتی بەوە ناسراوە کە توانایەکی زۆری بۆ شێدارکردنەوەی جەستە لە کاتی گەرمادا هەیە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "farewellhealth"، سوودەکانی ئەم میوەیە زۆر لەوە زیاترن و رۆڵێکی گرنگ لە تەندروستی دڵدا دەگێڕێت.

پێکهاتەیەک بۆ باشترکردنی سوڕی خوێن

بەشێکی زۆری سوودەکانی شووتی بۆ دڵ پەیوەستە بە پێکهاتەیەکی سروشتی بە ناوی (L-citrulline).

جوانا کاتز، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: "شووتی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سەرچاوە سروشتییەکان بۆ ئەم ماددەیە، کە جەستە بەکاری دەهێنێت بۆ زیادکردنی ئاستی ئۆکسیدی نیتریت." ئەم ئۆکسیدەش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە خاوبوونەوەی دەمارەکانی خوێن و باشترکردنی سوڕی خوێن، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابەزاندنی پەستانی خوێن هەیە.

باشترکردنی کاری خوێنبەرەکان

لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کە لەسەر 17 کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رۆژانە 500 میلیلیتر شەربەتی شووتییان بۆ ماوەی دوو هەفتە خواردووەتەوە، توانای فراوانبوونی دەمارەکانی خوێنیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە. هەروەها 17 تاقیکردنەوەی کلینیکی دیکە دەریانخستووە کە خواردنی بەردەوامی شووتی رێگری لە رەقبوونی خوێنبەرەکان دەکات، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەم دەکاتەوە.

چارەسەرێکی ئەفسووناوی نییە

سەرەڕای ئەم سوودانە، جوانا کاتز هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت وەک "چارەسەرێکی سیحری" بۆ پەستانی خوێن سەیری شووتی بکرێت، بەڵکو تەنیا وەک خۆراکێکی پاڵپشت بۆ تەندروستی دڵ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە هێشتا بەڵگە زانستییەکان لەم بارەیەوە سنووردارن.

ماددە خۆراکییەکانی دیکە

جگە لە سیتڕۆلین، شووتی دەوڵەمەندە بە "لیکۆپین" کە دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێزە و هەوکردنە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە. هەروەها ڤیتامین C، پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە کە هەموویان توخمی سەرەکین بۆ پاراستنی سوڕی خوێن.

توێژینەوەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو کەسانەی بەردەوام شووتی دەخۆن، سیستمێکی خۆراکی تەندروست تریان هەیە و کەمتر شەکر و چەورییە تێرەکان بەکاردەهێنن. شووتی دەکرێت ببێتە جێگرەوەیەکی نایاب بۆ شیرینییە دەستکردەکان و هەنگاوێکی ئاسان بێت بەرەو ژیانێکی تەندروستتر.