لە خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیل 17 کەس دەستگیرکران

خۆپیشاندەکانی ئیسرائیل
خۆپیشاندەکانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

لە مانگی یەکەوە خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل هەفتانە خۆپیشاندان دەکەن، بۆ ئیدانەکردنی چاکسازیی دادوەری کە لەلایەن حکومەتی نەتانیاهۆوە پێشنیار کراوە.

لە 27ی ئاداردا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگرتنی پڕۆژەکەی راگەیاند، بۆ ئەوەی دەرفەتی گفتوگۆکردن بدرێت، بەڵام هێشتا خۆپیشاندانەکان دژی چاکسازی دادوەری بەردەوامە، هەروەک نەتانیاهۆش تۆمەتبارە بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، رۆژی شەممە نزیکەی 100 هەزار خۆپیشاندەر لە تەلئەبیب گردبوونەوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل کە نۆ ملیۆن کەسە.

ئێوارەی هەینی سەدان ئیسرائیلی لە بەردەم ماڵی نەتانیاهۆ لە قەیسەری باکووری تەلئەبیب گردبوونەوە، بە گوتەی پۆلیسیش خۆپیشاندانەکە "بێ مۆڵەت" بووە، بۆیە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی ئاڵۆزی دروست بوو، لە ئەنجامدا 17 خۆپیشاندەر دەستگیرکران.

ئێلیت فاین، تەمەن 55 ساڵ، کە پزیشکی ددانە و بەشدارە لە خۆپیشاندانەکەی تەلئەبیب دەڵێت: "بەردەوام دەبین بۆیان دەسەلمێنین کە ئەگەر چاکسازییەکەش بە شێوەیەکی کاتی رابگرن، ئێمە بە گردبوونەوە دەمێنینەوە و ناتوانن بە نهێنی یاسا دەربکەن".

ئارنۆن ئۆشری تەمەن 66 ساڵ بەشدار لە خۆپیشاندانەکە دەڵێت: ئێمە زۆر ئارەزوو دەکەین ئیسرائیل نەبێتە دیکتاتۆری.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم حکومەتە گەندەڵە پڕە لە کەسانی دەرەوەی یاسا، گەلی جولەکە 2000 ساڵی خایاند تا دەوڵەتێکیان هەبوو، ناتوانین بەهۆی کۆمەڵێک دامارگیر لەدەستی بدەین".

بە گوتەی حکومەتی نەتانیاهۆ، چاکسازی لە سیستەمی دادوەریدا بە تایبەتی ئامانجی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەسەڵاتەکانە لە رێگەی بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان لەسەر حیسابی دادگای باڵا، کە حکومەت بە سیاسی دەزانێت.

لە لایەکی دیکەوە رەخنەگران، چاکسازییەکە بە هەڕەشە لە وەرچەرخانێکی تاکڕەوانە دەزانن.