گرێکوێرەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە

هەڵبژاردن
هەڵبژاردن

K24 - هەولێر

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق دۆخێک دروستبووە، لایەنە سیاسییەکان بەرچاویان روون نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چۆن دەکرێت و کەی دەکرێت، چونکە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رەتیکردووتەوە بتوانێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدات، لە هەمان کات گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەستاوە.

لەوبارەوە کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەوڵی هەموو لایەکمان بۆ ئەوە بوو کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و بە نادەستووری درێژە بە حوکمڕانی نەدرێت، بەداخەوە ئەو دۆخەی ئێستا کۆسپی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستکرد".

گوتیشی: "هەڵبژاردن دەتوانێت کۆتایی بە بەشێک لە گرفتەکان بێنێ، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەردەوامبن لە گفتوگۆ لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رەتیکردووەتەوە بتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات. ئەمەش گرفتێکی دیکەیە کە وایکردووە روون نەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکرێت یاخود دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژردنی یەکگرتوو دەڵێ: "یاسایەکمان هەیە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی بەرکارە واتا بۆشایی یاساییمان نییە، بەڵام گلەیی و گازاندە لەسەر یاساکە هەیە، ئێستا سکاڵایەکیش لەسەر ئەو یاسایە هەیە لە دادگای فیدراڵی، نازانین بڕیارەکە چی دەبێت، بە بڕوای من بڕیارەکە وادەبێت کە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت".