رێبوار بابکەیی: پەرلەمانتارانی نەیار دەیانەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە
K24 - هەولێر
رێبوار بابکەیی پەرلەمانتاری کوردستان دەڵێت: هیچ گەرەنتیەک نیە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دا هەبوو، وەک خۆی بچێتە دانیشتنی پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەڵام ئومێد هەیە چونکە زۆرینەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت زاڵن بەسەر نەیارانی هەرێمی کوردستان.
رێبوار بابکەیی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، بابەتی بودجە بابەتێکی ستراتیژی گرنگە، رەهەندی سیاسی و دارایی خۆی هەیە، پڕۆژەیاسای بودجە بۆ گەرەنتی پێکهاتەکانی عێراقە، بەڵام بەداخەوە ئەو رێککەوتنانەی پێشوو هەبوو لە حکومەتی عێراقدا، جێبەجێ نەکران، هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە ئەنجام نەدرێت.
گوتیشی: هیچ گەرەنتیەک نییە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دا هەبوو وەک خۆی بچێتە دانیشتنی پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەڵام ئومێد هەیە چونکە زۆرینەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هەماهەنگی شیعە زاڵن لەسەر ئەو پلانەی دژی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.
دەشڵیت: بەداخەوە پەرلەمانتارانی نەیاران رێزیان لە واژۆی سوودانی نەگرت، دەیانەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەک بێت کە حکومەتی عێراقی دەستوەردان ی تێدا بکات. ئەوانەی نەیارن زۆرینەی لەناو میلیشیای "عەسایب ئەهل حەق"ن.
رێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە زۆرینەی شیعە و زۆرینەی کورد لە پارتی و یەکێتی و زۆرینەی سوونەکان پێکدێت، بۆیە رەنگە بەشێوەیەکی ئاسان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدەن، چونکە زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەکان لە ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتن. هیوادارین ئەمڕۆ پەرلەمان کۆتایی پێبهێنێت.