سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری تەندروستی ئوردن پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وەزیری تەندروستی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردنی بە مەسرور بارزانی گەیاندووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاریکاری و هەمانگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، هەردوولا ئاماژەیان بە پەیوەندی مێژوویی و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردنیان دا و، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی بەردوامیی ئوردن و بە تایبەتی شا عەبدوڵلا لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە .
لەو دیدارەدا، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بوو لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی شانشینی ئوردن.