ژنێک 'دەمرێت' و لە تابوتەکەیدا زیندوو دەبێتەوە

K24 - هەولێر:

ژنێکی بەتەمەن لە ئیکوادۆر دڵی لە لێدان دەوەستێت و پزیشکێک گیانلەدەستدانی پشتراست دەکاتەوە، بەڵام دواتر لەکاتی ئامادەکاری بۆ پرسەکەی زیندوو دەبێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی BBC، بێلا مۆنتۆیا (تەمەن 76 ساڵ) دوای ئەوەی تووشی جەڵتە دەبێت، بە مردوو هەژمار دەکرێت، بەڵام کاتێک کەسوکاری ئامادەکاری بۆ پرسەکەی دەکەن، لە تابوتەکەیدا بە زیندوویی دەیبننەوە.

ئەو ژنە بەتەمەنە دوای ئەوەی لەنێو تابوتەکەیدا زیندوو دەبێتەوە، دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێری چڕ دایە.

وەزارەتی تەندروستی ئیکوادۆر روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بێلا مۆنتۆیا لەکاتێکدا کە تووشی جەڵتە بووە، بۆ ماوەیەک هەناسەی نەداوە و دڵی وەستاوە، هەروەها لەکاتی هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی، هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.

ئاماژە بەوەشدرا، پزیشکی ئێشکگر بە مردوو هەژماری کردووە.

گیلبێر رۆدۆلفۆ بالبێران مۆنتۆیا، کوڕی ئەو خانمە بە تەمەنە بە میدیاکانی ئیکوادۆری راگەیاند، پزیشکێک هەواڵی مردنی دایکی پشتراستکردووەتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لە تابوتەکەیدا زیندوو بووەتەوە.