ناز جەلال: زیاتر لە 500 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاو تۆمارکراون و هەفتەی داهاتوو قەرەبوو دەکرێنەوە
بەڕێوەبەری هەماهەنگی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی هەولێر تۆمارکراون، جەختیش دەکاتەوە کە بەپێی قەبارەی زیانەکانیان هاووڵاتییان و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ناز جەلال، بەڕێوەبەری هەماهەنگیی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24 رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا فۆڕمی سەرووی 500 خێزانی زیانلێکەوتوو تۆمارکراوە، ئەوەش جگە لە تۆمارکردنی زیانەکانی دوکان، کۆگا و شوێنە بازرگانی و گشتییەکانی دیکە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "تیمەکانمان لەناو گەڕەکەکانن و بەردەوامن لە کۆکردنەوەی داتاکان، هەربۆیە پێشبینی دەکەین ژمارەی زیانلێکەوتووان لەوەش زیاتر بەرزببێتەوە."
دەربارەی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان، ناز جەلال گوتی: "ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی گەیاندنی هاوکاریی سەرەتایی و بەپەلەن بەو خێزان و هاووڵاتییانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بە خێرایی بەهانیانەوە بچین."
ئاشکراشی کرد پرۆسەی قەرەبووکردنەوە لە قۆناغی داهاتوودایە و گوتی: "لەوانەیە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە قۆناخی قەرەبووکردنەوە بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی راپۆرتەکان تەواو دەبن و بەرچاوڕوونییەکی تەواومان لەسەر قەبارەی سەرجەم زیانە ماددییەکان دەبێت، تاوەکو راستەوخۆ دەست بە قەرەبووکردنەوەیان بکرێت."
دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، بەڕێوەبەری هەماهەنگیی قەیرانەکان روونیکردەوە: "لیژنەیەکی زۆر پسپۆڕ و تایبەتمەندمان لە شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل و ئەندازیارانی میکانیک پێکهێناوە بۆ تۆمارکردن و خەمڵاندنی زیانی ئۆتۆمبێلەکان. دڵنیاییش دەدەین کە سەرجەم زیانلێکەوتووان بەپێی قەبارەی ئەو زیانەی بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە، قەرەبوو دەکرێنەوە."