سوید پاڵپشتی لە پڕۆژەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان دەکات
سوید پاڵپشتی لە هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ دژی تاوانی رێکخراو دەکات
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای وڵاتی سوید بە سەرۆکایەتیی جێگری کۆمیشنەری پۆلیسی نیشتمانیی سوید و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق کرد؛ لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی هەماهەنگییە ئەمنییەکان، رووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی چاکسازی لە کەرتی پۆلیسی کوردستان تاوتوێ کران.
چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی باڵای وڵاتی سوید کرد، کە پێکهاتبوو لە ستیفن هێکتەر، جێگری کۆمیشنەری پۆلیسی نیشتمانیی سوید، باڵیۆزی سوید لە عێراق و شاندێکی یاوەریان.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، لە میانی دیدارەکەدا، شاندی میوان ستایشی رۆڵی مێژوویی و گرنگی هەرێمی کوردستانیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا کرد.
هەروەها سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، دەستگیرکردنی تاوانباران و رادەستکردنەوەی داواکراوان، هاوکات ئامادەییی فەرمیی وڵاتەکەیان پیشان دا بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاریی پێویست بە ئاراستەی سەرخستنی پڕۆژەی چاکسازی لە پۆلیسی هەرێمی کوردستاندا.
لای خۆیەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە و ئەزموونی دەوڵەمەندی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە شەڕی دژ بە تیرۆر و بنبڕکردنی جۆرەکانی تاوانی رێکخراو دەربڕی.
رێبەر ئەحمەد، سوپاسی حکوومەت و گەلی سویدی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەت لە میوانداریکردن و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەناخوازانی گەلی کوردستان، کە لە وێستگە سەختەکانی مێژوودا وڵاتی سویدیان وەک پەناگەیەکی ئارام هەڵبژاردووە.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی و زەروورەتی پتەوکردنی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لە نێوان دەزگا ئەمنییەکاندا کردەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سەروەریی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی کاریگەری تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو.