شارەوانیی سلێمانی دوو هۆڵی پرسە و بۆنە بێبەرامبەر دەخاتە خزمەت هاووڵاتییانەوە
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دوو هۆڵی تایبەت بە پرسە و بۆنەیان لە دوو گەڕەکی شارەکە بە شێوەیەکی تەواو بێبەرامبەر خستووەتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، تاوەکو لەبری دانانی خێمە لەسەر شەقامەکان سوودیان لێ ببینن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دوو هۆڵی تایبەت بە پرسە و بۆنەی لە گەڕەکەکانی 'بەختیاری' و 'چوارباخ' ئامادە کردووە، کە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان و سیستمی گەرمی و ساردییان بۆ دابینکراوە و بە تەواوی بە بێبەرامبەر خراونەتە خزمەت هاووڵاتییانەوە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "هاووڵاتییان دەتوانن لە جیاتی دانانی خێمەی پرسە لەسەر شەقام و کۆڵانەکان یان بەڕێوەبردنی بۆنەکان لە ماڵەکانیاندا، سوود لەم هۆڵانە وەربگرن؛ بەم هەنگاوەش بە تەواوی رێگری لە دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی پیادە و جووڵەی شۆفێران لە شەقام و کۆڵانەکاندا دەکرێت."
دەربارەی ئامانجی ئەم هەنگاوە، ئەنجوومەن حوسێن روونیکردەوە: "ئامانج لە دابینکردنی ئەم هۆڵانە تەنیا پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو هاوبەشیکردنە لە خۆشی و ناخۆشییەکانی هاووڵاتییان، دابینکردنی شوێنێکی شایستە و ئارامە بۆیان، هاوکات دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو تێچوو و بارگرانییە داراییەی بەهۆی دانانی خێمە و دابینکردنی پێداویستییەکانەوە دەکەوێتە سەر شانی خێزانەکان."