محەممەدی حاجی مەحموود: ئەوەی لە بەغدا روویدا هەوڵێک بوو بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان

محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجە رایگەیاند، ئەوە هەوڵێک بوو بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە (13ـی حوزەیرانی 2023)، محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پەسەندکردنی بودجە هەندێک بابەت زیادکرا کە پێچەوانەی ناوەڕۆکی دەستوورە و نەیتی هەندێک لایەنەکانی بەغدای نیشاندا بۆ لەناوبردنی کورد و هەرێمی کوردستان.

زیاتر گوتی، "ئەوەی لە بەغدا روویدا لە قالبدانی کورد بوو، شۆڤێنسیتی عەرەبی نیەتی خۆیان ئاشکراکرد بەرامبەر کورد و دۆزی کوردی".

محەممەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەشکرد، ناکۆکی ناوخۆیی کورد وایکرد بەغدا ئەوەی بیەوێت ئەنجامی بدات و جارێکی دیکە باسی لەوەکرد، کە "دادگای فیدراڵی بە دادگایەکی عەرەبی شۆڤینی عێراقی دەزانێت نەک دادگایەکی فیدراڵی".

لەبارەی ناوەڕۆکی یاسای بودجە، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایەگەیاند، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان بودجەی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و زیاتر گوتی، "بودجە بۆ سۆماڵ، سوودان و جزر قەمەر دانراوە، چی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئەی بۆ بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دانانێن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەدی حاجی مەحموود روونیکردەوە، بەغدا هەر بەوەندە ناوەستێت بۆیە پێویستە کورد خۆی بۆ بەرگری ئامادەبکات.