رێبوار هادی: ئەو بڕگەیەی له‌ بودجه‌ زیادکراوە نادەستوورییە بۆیە هیچ بەهای نابێت

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نامێنێت. هاوکات گوتیشی: ئەو بڕگەیەی لە پرۆژە یاسای بودجە زیادکراوە، نادەستوورییە بۆیە هیچ بەهای نابێت.

رێبوار هادی سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشیدەکات، رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق وەک خۆی جێبەجێبکرێت، هەرێمی کوردستان کێشەی مووچەی نامێنێت و  ئەو داهاتەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە،  بەشی مووچە و وەبەرهێنانیش دەکات.

هەروەها راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ عێراق و رۆژانە هەڵدەستێت بە ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهانی تورکیه‌وە، هەروەها ئەگەر کێشە لە هەناردەکردنی نەوتەکەش هاتەپێش، حکومەتی عێراق لە ناوخۆ سوود لە نەوتەکە وەردەگرێت بە گوێرەی پێویست.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: ئەگەر هه‌رێمی کوردستان نەتوانێت ئەو بڕە نەوتەی دیاریکراوە بینێرێت، لەبەرامبەردا بەغدا پابەندە بەوەی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

لەبارەی مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، رێبوار هادی، گوتی: "هیچ بڕگەیەک لەناو یاسای بودجەدا ئاماژە بەوەناکات پارێزگایەک راستەخۆ مامه‌ڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و هەر یاسایەک پێچەوانەی دەستوور بێت کاری پێناکرێت، هەروەها ئەو بڕگەیەی له‌ بودجه‌ زیادکراوە نادەستوورییە بۆیە هیچ بەهای نابێت".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ بەشە بودجەی ئەو پارێزگایانە بنێرێت، تەنیا لە ئەگەری درووستبوونی هەر کێشەیەک لەسەر بودجە لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق تەنیا دەتوانێت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات و ناتوانێت راستەوخۆ بودجەی پارێزگاکه‌ بنێرێت".

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد، "ئەو بڕگانەی لە بودجەدا بە زیانی هەرێم زیاد کرابوون، لاماندان" و لایەنەکانی دیکە دەیانزانی مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ پارێزگاکان دەستووری نییە.

رێبوار هادی، جەختی لەوەکردەوە، هەوڵدەدەن پارێزگاری لە قه‌واره‌ی هەرێمی کوردستان بکەن، "لایەنێکی سیاسی کوردی پرۆژەکەیان دەستکاری کرد بە یارمەتی هەندێک لایەنی عەرەبی دژە کورد، بەڵام خۆشبەختانە ئەو بڕگانەی کە بە زیانی هەرێم دەشکاوە چارەسەری بۆ کرا و لابرا".

لەبارەی بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شاره‌كانی هه‌رێم، رێبوار هادی، گوتی: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کاتێک جیاوازیمان لە نێوان شارەکانی کوردستان نەکردووە، هەموو شارەکان بە یەک چاو سەیر دەکرێن، بەڵام ئەوە سلێمانی بوو داهاتی ناوخۆی وەک پێویستە نەدەگەڕاندەوە بۆ خەزێنەوەی وەزارەتی دارایی.

گوتیشی: نیگەرانی ئێمە وەک پارتی ئەوەبوو پێشێلی مافە دەستووریەکانی هەرێم کرا، ئەو کارەی هەندێک لایەن کردییان دەبێتە پێشینەیەک بۆ داهاتوو کە جارێکی دیکە حکومەتی عێراق دەستوەردان بکات لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوە بووین %100 مووچەی پاشەکەوت بگەڕێتەوە و هەروەها لەگەڵ ئەوەبووین تەرخانکردنی دارایی بۆ بکرێت، چونکە جێگیرکردنی بڕگەی پاشەکەوت بێ تەرخانکردنی دارایی هیچ سوودی نەبوو کە هەندێک لایەن بۆ مزایەدە کردییان.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (11ـی حوزەیرانی 2023) دانیشتنی ژمارەی (31)ـی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 229 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژەدان بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد کە چوارەم دانیشتنی پەرلەمان بوو بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە.

لەسەرەتای دانیشتنەکە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای گۆڕینی ئەندامانی پەرلەمان ئەنجامدا، دوای ئەوەش دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) دەستیپێکرد.

دواتریش، دەنگدان لەسەر ماددەکانی 42 و 43 دواخرا و دوای ئەوەش ماددەکانی 44 تا 63 پەسەندکران و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو ماددانەی پەسەندنەکراون هەڵگیرا.

دوای دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکە بۆ جاری دووەم، پەرلەمانی عێراق ماددەکانی 16 و 17 و 43ـی پەسەند کرد و ماددەی 42ـی لە پرۆژەیاساکە سڕیوە، پێش ئەوەش ماددەکانی 65، 66 و 67 پەسەندکران.

بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر ناوەڕۆکی ماددەی 15ـی پرۆژەیاسای بودجە، جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق وەستێندرا و لیژنەی دارایی رەشنووسێکی دیکەی ئامادەکرد بۆ دەنگدان لەسەر ئەو ماددەیە و دواتر بە زۆرینەی دەنگ ماددەی 15ـی پەسەندکرا، کە ئەم ماددەیە زۆرترین مشتومڕی لەسەربوو کە تایبەتە بە دامەزراندن.

بە گوێرەی ناوەڕۆکی ئەو ماددەیەش، 150 هەزار کەس بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بە گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ بە مووچەی 300 هەزار دینار دادەمەزرێندرێن، لە کاتێکدا پێشتر لە رەشنووسی بودجەدا کە حکومەتی عێراق ئامادەی کردووە، ئاماژەی بە دامەزراندنی هیچ پلەیەکی وەزیفی نەکردبوو.

هاوکات پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەک لە ماددەکانی دووەم و 57ـەمینی هەموارکردەوە، کە پێشتر دەنگیان لەسەر درابوو، بەڵام لە رێگەی دەنگدانەوە جارێکی دیکە پەرلەمانتاران رەزامەندییان نیشاندا بۆ هەموارکردنەوەیان.

هەروەها بەگوێرەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، شەش ماددە بۆ پرۆژەیاسای بودجە زیادکرا، کە پەیوەندیدارن بە بودجە پەرلەمانی عێراق، بودجەی دەسەڵاتی دادوەری، پێدانی دەسەڵات بە ئەنجوومەنی زانکۆکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە دۆلار بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رێکخراو و دەزگا ئەکادیمییەکان لەپێناو پەیوەندی زانستی و پێدانی دەسەڵاتیش بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کەرتی تایبەت. هەروەها دوو ماددەش پەیوەندیدار بە زیادکردنی پلەی وەزیفی تایبەت بە چەند پارێزگایەک و وەزارەتی بەرگری. لەگەڵ ئەوەشدا، ماددەیەکیش زیادکرا بۆ پرۆژەیاساکە کە رەتی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانە دەکاتەوە کە ناکۆکن لەگەڵ ناوەڕۆکی پرۆژەیاسای بودجە.

لە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، چوار ماددە بە تەواوی سڕانەوە کە بریتین لە ماددەکانی (4، 22، 42 و 64)، کە ماددەی 42 تایبەت بوو بە دانانی باج لەسەر فرۆشتنی بەرهەمە سووتەمەنییەکان و چەند بابەتێکی دیکە.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

رۆژی هەینیش (9ـی حوزەیرانی 2023)، دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.

لە دانیشتنی شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق درێژەیدا بە دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دوای پەسەندکردنی ماددەی 14، ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

Fly Erbil Advertisment