پۆلیسی سلێمانی بەتۆمەتی ھەوڵدان بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا سێ تۆمەتبار دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی رزگاری‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نەھێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بەنیازبوون لە یەکێک لە خوێندنگاکانی شاری سلێمانی ‌و لە کاتی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا غەش (قۆپیە) بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، تیمەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان چاودێری چەند تۆمەتبارێکی کردووە و دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەریان، بۆیان دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لە یەکێک لە خوێندنگاکانی شاری سلێمانی‌ و لەڕێی ئامێری بێ تەل‌ و مۆبایلەوە لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا قۆپیە بکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا سێ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی رزگاری‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نەھێشتنی تاوانه‌وه‌ دەستگیربکرێن.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستیگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێك‌ و چەند کەلوپەلێکی دیکەدا کە تۆمەتباران بەنیازبوون بۆ گزیکردن بەکاریبھێنن.

سەبارەت بە تۆمەتبارەکان، پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، ئێستا تۆمەتباران: (د، ب، ف) لەدایکبووی 2002 و (و، هـ، أ) لەدایکبووی 2002 و (ز، ن، د) لەدایکبووی 2001 بە بڕیاری دادوەر راگیراون ‌و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لە دوو کاتی جیاوازدا، شەش کەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گزیکردن لە سلێمانی دەستگیرکراون.