مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک داوای راژەی گواستنەوە دەکەن

کۆنگرەی رۆژنامەوانی مامۆستایانی خوێندنی کەرکووک
کۆنگرەی رۆژنامەوانی مامۆستایانی خوێندنی کەرکووک

K24 - هەولێر

مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، رایانگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، توێژی بیرمەندان و کارمەندانی بواری پەروەردەی ناوچە جێناکۆکەکان سزاداوە، ئەمەش قبوڵ نەکراوە.

نوێنەری مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، کارێکی ئەنجومەنی نوێنەران راستیەکی ترسناکی ئاشکراکرد، بە سزادانی توێژی بیرمەندان و کارمەندانی بواری پەروەردە لەناوچە جێناکۆکەکان.

گوتیشی: رێگرتن لە دەنگدان بە بڕگەی 21، لە کارنامەی حکومەت، کە تایبەتە بە راژەی گواستنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژانی خوێندنی کوردی، لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ستەمێکی گەورەیە، لە کاتێکدا ئەوان لە رووی ئیداریەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەروەردەی پارێزگاکانی، کەرکووک، سەلاحەدین، دیالە، خانەقین و نەینەوان.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم کارە قبوڵ نەکراوە، چونکە ئەو کارمەندانە لە بنەڕەتدا نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە رووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و دیمۆگرافی بوونەتەوە، هەروەها قوربانی دەستی رژێمی بەعسی لە ناوچوون، ئەو سیاسەتە چەوتانە جارێکی دیکە بەعس دەهێنێتەوە بیرمان لە شاری کەرکووک".

دەشڵێت: داواکارین بە جێبەجێکردنی برگەی 21، کە لەکارنامەی حکومەتدا هاتووە، بۆیە خۆشاردنەوە لە هەرمافێکی دەستووری و یان هەر رێکەوتنێک خزمەت بە نەیارانی کورد دەگەیێنێت، بۆیە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکاریەکانمان رێگەی دیکە دەگرینە بەر.