سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێكى سه‌ربازيى به‌ريتانى دەکات

"حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەی هەموو هاریکاری و هەماهەنگییەکە بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن"

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مارشاڵ سامى سامپسن
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مارشاڵ سامى سامپسن

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێكى سه‌ربازيى به‌ريتانى جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (15ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى سه‌ربازيى به‌ريتانى کرد به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ‌مارشاڵ سامى سامپسن گه‌وره‌ راوێژكارى به‌رگريى به‌ريتانى.

له دیدارەکەدا كه‌ رۆزی كه‌يڤ، كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و رێزگرتن لە رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەم رووەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێ چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەی هەموو هاریکاری و هەماهەنگییەکە بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد لەم ناوچانە، هەروەها پشتگیریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، چەند لایەنێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.