پشتیوان جاف: به‌له‌مه‌ نوقوومبووه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كێشه‌ی هه‌بووه‌

پشتیوان جاف، رۆژنامه‌نووس
پشتیوان جاف، رۆژنامه‌نووس

K24 - هەولێر:

به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران كه‌ له‌ به‌نده‌ری لیبیاوه‌ به‌ره‌و ئیتاڵیا ئاراسته‌ی گرتبوو، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 14ـی حوزه‌یرانی 2023 نقووم بوو و له‌ ئه‌نجامدا زۆربه‌ی سه‌رنشینه‌كانی خنكان، هاوكات رۆژنامه‌نووسێك له‌ ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنانه‌وه‌ رایگه‌یاند، به‌له‌مه‌‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كێشه‌ی هه‌بووه‌ و ژماره‌ی سه‌رنشینه‌كانی له‌ سه‌رووی ژماره‌ی ئاسایی بووه‌ و به‌و دوو هۆیه‌وه‌یش ئه‌و رووداوه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

پشتیوان جاف، رۆژنامه‌نووس له‌ ئه‌سینا به‌ كوردستان24ـی رایگه‌یاند، ئه‌و به‌له‌مه‌‌ رۆژی هه‌ینی 9ـی حوزه‌یرانی 2023، له‌ وڵاتی لیبیا له‌ به‌نده‌ری تۆبرك به‌ڕێكه‌وتووه‌ و زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن نزیكه‌ی 500 بۆ 600 كۆچبه‌ری هه‌ڵگرتبێت و به‌ره‌و ئیتالیا رۆیشتوون.

گوتیشی، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌و به‌له‌مه‌‌‌ درێژییه‌ی 25 بۆ 30 مه‌تر بووه‌ و زیاد له‌ پێویست كۆچبه‌رانی هه‌لگرتووه‌، هاوكات له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ماتۆڕی به‌له‌مه‌كه‌ كێشه‌ی هه‌بووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌یش به‌شێك له‌ كۆچبه‌ره‌كان هه‌وڵیان داوه‌ و مه‌به‌ستییان بووه‌ به‌ره‌و لیبیا بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام كاپتنه‌كانی به‌له‌مه‌كه‌ بۆچوونی جیاوازیان هه‌بووه‌ و بڕیاریان داوه‌ له‌ رۆیشتن به‌رده‌وام بن.

له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌له‌مه‌‌كه‌ ماوه‌ی چوار بۆ پێنج رۆژ له‌ رۆیشتن به‌رده‌وام بوون، گوتیشی، هێزی ده‌ریایی و هێزی فۆنێكس به‌له‌مه‌كه‌یان له‌ ئاوی نێوده‌وڵه‌تی له‌نێوان یۆنان و ئیتاڵیا بینیوه‌، به‌ڵام كۆچبه‌ره‌كان داوای هاوكارییان لێ نه‌كردوونه‌ و بڕیاریان وابووه‌ له‌ رۆیشتن به‌رده‌وام بن. روونیشیكرده‌وه‌، كه‌ هێزی ده‌ریاوانی یۆنان زانیاری ئه‌وه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ویستوویه‌تی هاوكاری به‌له‌مه‌‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام كاپتنه‌كانی به‌له‌مه‌كه‌‌ پێیان راگه‌یاندوون، كۆچبه‌ره‌كان هاوكارییان پێویست نییه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ بگه‌نه‌ ئیتاڵیا.

پشتیوان جاف سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌ دوو كه‌شتی له‌ رۆژی 13ـی حوزه‌یران، نزیكی به‌له‌مه‌‌كه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و یه‌كێكیان خواردن و پێداویستی به‌ كۆچبه‌ران داوه‌ و ئه‌وی دیكه‌یش پێی راگه‌یاندوون، كه‌ رزگاریان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆچبه‌ره‌كان دووباره‌ بڕیاریان وابوو نه‌وه‌ستن و بگه‌نه‌ ئیتاڵیا.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ رۆژی 13ـی حوزه‌یران، هێزی ده‌ریاوانی یۆنان چاودێری ئه‌و به‌له‌مه‌ی كردووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بووه‌ رزگاریان بكات، گوتیشی، رۆژی 14ـی حوزه‌یران ماتۆڕی به‌له‌مه‌‌كه‌ له‌كار ده‌كه‌وێت، دوای ئه‌وه‌یش زۆربه‌ی كۆچبه‌ره‌كان له‌ ترسی گیانی خۆیان ده‌چنه‌ لایه‌كی به‌له‌مه‌كه‌ و هاوسه‌نگییه‌كه‌ی تێك ده‌چێت و وه‌رده‌گه‌ڕێت. روونیشیكرده‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خنكاون ئافره‌ت و منداڵن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ژووره‌وه‌ی به‌له‌مه‌‌كه‌ بوونه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ ده‌ربچن و خۆیان رزگار بكه‌ن.

پشتیوان جاف هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ ئه‌وه‌ی دواتر هێزی ده‌ریاوانی یۆنانی و چه‌ند كه‌شتییه‌ك لێیان نزیك بوونه‌ته‌وه‌ و فریایان كه‌وتوون و توانیویانه‌ 104 كۆچبه‌ر رزگار بكه‌ن و ته‌رمی 79 كۆچبه‌ریشیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.