كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا: گرژییه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌

ئيرڤن هيكس جوونيه‌ر كونسوڵى گشتيى ‏ئه‌مه‌ريكا ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان
ئيرڤن هيكس جوونيه‌ر كونسوڵى گشتيى ‏ئه‌مه‌ريكا ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان

K24 – هەولێر:

كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا ده‌كاته‌وه‌. 

ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، له‌ كۆنفراسی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتی: "ژووری بازرگانی ئەمه‌ریکی و کوردستان یارمەتیدەرە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان".

گوتیشی: "ئێمە لە کونسڵخانەی ئەمه‌ریکا گرنگییەکی تایبەت بە بەهێزترکردنی هەماهەنگییە ئابوورییەکانی نێوان کۆمەڵەی بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا دەدەین".

ده‌شڵێت: "ئێمە زۆربەی کاتەکانمان بە جەختکردنەوە لە پرسە سیاسییەکان، گرژی نێوان لایەنە سیاسییەکان، گرژی لەگەڵ بەغدا، پرسی بودجە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بەسەر دەبەین، بێگومان ئەم پرسانە زۆر گرنگ و كاریگەری وردیان لەسەر سەقامگیری ناوچەکە، وەبەرهێنان، توانای خەڵک بۆ ژیان، کارکردن لە کەشێکی ئازاد و سەقامگیردا، دامەزراندنی کۆمپانیا، رەخساندنی هەلی کار، داهێنان و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیدا هەیە."

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، هه‌رچه‌ند په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی داوه‌، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌ مانگی 11ی ئه‌مساڵ، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ندێك لایه‌نی كوردستان هه‌ن، نایانه‌وێت پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

پێشتر چوار جار دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر پرسی ده‌ستووریی بوونی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، دانیشتنه‌كانی دواخستووە.

Fly Erbil Advertisment