کارەباى سلێمانی لەبارەی دەستبەسەرکردنی لێپرسراوى بەشى فرۆشتنى وزە روونکردنەوە دەدات
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانی لەبارەی دەستبەسەرکردنی لێپرسراوی بەشی وزە لە بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى رۆژئاواى سلێمانى روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: پێشنیوەڕۆى رۆژی یەکشەممە 18/6/2023 بەفەرمانى دادوەرى دەستەى دەستپاکى، لێپرسراوى بەشى فرۆشتنى وزە لە بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى رۆژئاواى سلێمانى دەستبەسەرکراوە بۆ لێکۆڵینەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێى ئەو زانیاریانەى هەیە پێشتر لەسەر بابەتێک کە پەیوەندیدارە بە پێدانى ئەستۆپاکى بۆ دوو بیناى بازرگانى لیژنەى لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە پێکهێنراوە.
هاوکات هەر دوێنێ دەنگۆی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری کارەبای قەلاچوالان لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە بڵاوبووەوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کە پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی لێپرسراوی بەشی وزەی بۆ کوردستان24ـی پشتڕاست کردەوە، باسی لەوە کرد، کە ئاگاداری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری کارەبای قەلاچوالان نین.