کەرکووک؛ بڕیارێک لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد و تورکمان درا
K24 - هەولێر:
بەپێی نووسراوێکی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140 کە ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کراوە و تێیدا داواکراوە کار بە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن تایبەت بە هەڵوەشاندەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی جووتیاران.
هاوکات داوا کراوە سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک هەڵبوەشێتەوە و کاری پێنەکرێت و گەڕانەوەی سەرجەم ئەو زەوییانە بۆ پێش بریاری لیژنەی کاروباری باکوور.
جەختیشکراوەتەوە کە بڕیاری ژمارەی 29ی ساڵی 2012 ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستا کاری پێدەکرێت و نابێت گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کاری پێبکرێت.
نزیکەی سێ هەفتەیە، جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری تۆپزاوە، دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان مانگرتنیان راگەیاندووە کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕشی حزبی بەعس زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک لە جووتیارانی کورد و تورکمان وەرگیراوە و درا بە عەرەبی هاوردە.
لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەریش، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بەهاوکاری ئیدارەی کەرکووک بەشێکی زۆریان لەو گرێبەستە کشتوکاڵییانە بۆ عەرەبی هاوردە نوێکردەوە بۆیە رۆژانە لەسنووری ناوچەکانی ماددەی 140 عەرەبی هاوردە بەهاوکاری سوپای عێراق هەڵدەکوتنە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد.