پۆلیسی دهۆک: زیاتر لە 200 کەس لەسەر قومارکردن دەستگیرکراون
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، زیاتر لە 200 کەس لەسەر قومارکردن دەستبەسەر کراون، هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش حەوت بنکە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت کراونەتەوە و ماوەی یەک مانگیش مۆڵەت ماوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: 84 سکاڵا لە بنکە و نووسینگەکانی پۆلیس و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمارکراوە، لەسەر ئەو 84 سکاڵایەش زیاتر لە 200 کەس لەسەر قومارکردن دەستبەسەر کراون.
گوتیشی: ساڵی 2022، 181 سکاڵا تۆمارکرابوون، زیاتر لە 300 تۆمەتباریش لەسەر تاوانی قومارکردن دەستبەسەر کرابوون، ئەم هەڵمەتانەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بەهاوکاری دادگای تاوانەکانی پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبن.
وتەبێژی پۆلیسی دهۆک، ئاماژەی بەوەشکرد: دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، 48 بنکەی دیکەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکاتەوە، هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش حەوت بنکە کراونەتەوە کە ئەوانیش، بنکەی پۆلیسی خەبات، بنکەی پۆلیسی نەورۆز، بنکەی پۆلیسی برایەتی و دۆمیز و شێلادزێ، بنکەی پۆلیسی کەلەکچی و رۆڤیا.
راشیگەیاندم بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت تەنها ماوەی مانگێک ماوە، هەرکەسێک لەو بنکانەی ئاماژەمان پێکرد چەکەکەی تۆمار نەکات، ئەوە چەکەکەی نایاساییە، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر، سزاکەشی لە ساڵیک تاوەکو سێ ساڵ زیندانیکردن و هەروەها سزای مادیش لە دوو ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆن دیناری پێ دەبژێردرێت.