گرووپی حەوت هۆشداری توند بە ئێران دەدات
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت نیگەرانیی خۆیان لەبارەی مەترسیی پلانی ئێران بۆ توندوتیژی دژی خاک و هاووڵاتییانیان دەربڕی. هاوکات ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کرد و رایانگەیاند، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی تێکدانی بازرگانی و ئاسایشی وزە و ئابووریی ناوچەکە.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت، لە بەیاننامەیەکدا لە دوای کۆبوونەوەیەکیان لە پاریس بڵاویانکردەوە، جەختیانکردەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان. هەروەها داوایان لە ئێران کرد پابەندبێت بە ئەرکەکانی و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان لە گەرووی هورمز رابگرێت.
لە بەیاننامەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرگرییانەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە گەرووی هورمز دەیانکات، کردەوە، لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو دەستپێشخەرییە بەرگرییەی بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، دەتوانێت هاوکار بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا.
هاوکات وەزیرانی دەرەوەی گرووپەکە، ستایشی هەموو ئەو هەنگاوانەیان کرد کە بەرەوە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئێران لە لایەن نێوەندگیرەکانە نراوە و داوا دەکەن هەرچی زووە گرژییەکان کۆتاییان پێبهێندرێت.
سەبارەت بە دۆخی فەلەستین، داوایان لە ئیسرائیل کرد بە شێوەیەکی قۆناخبەندی لە کەرتی غەزە بکشێتەوە و رێگە بدات هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ئارام و بەردەوام بگەن. هەروەها داوای راگرتنی هێرشەکان و ئەو کارانەیان کرد کە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژی و مەترسیی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە کەرتی رۆژئاوا.
گرووپی حەوت فۆرمێکی سیاسی و ئابووریی نافەرمییە کە ساڵی 1975 دامەزراوە. ئەندامانی گرووپەکە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و ژاپۆن، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا وەک هاوبەشی هەمیشەیی بەشداری لە کۆبوونەوەکانیدا دەکات.