پەروەردەی هەولێر: لافاو زیانی بە قوتابخانەکان نەگەیاندووە و پێویستمان بە دوو ملیۆن لیتر نەوتە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر رایدەگەیەنێت، شەپۆلی بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاوی چەند رۆژی رابردوو هیچ زیانێکی بەر باڵەخانەی قوتابخانەکان نەگەیاندووە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە بۆ وەرزی سەرما پێویستیان بە زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپییە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "ئەو لافاوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بارانی بەخوڕ لە ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دروست بوو، هیچ زیانێکی ماددی بەر بینای قوتابخانەکان نەگەیاندووە و هیچیان رووبەڕووی زیان نەبوونەتەوە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئاو لە بەردەم دەرگای قوتابخانەکان، لوقمان سەعید گوتی: "سەرۆکایەتیی شارەوانیمان ئاگادار کردووەتەوە لە بوونی گرفت لە بەردەم بەشێک لە قوتابخانەکاندا، بەوپێیەی لە کاتی بارانی بەلێزمەدا ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی قوتابییان دروست دەبێت، تاوەکو کار لەسەر چارەسەرکردنیان بکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر باسی لە هاوکاریکردنی قوتابییانی زیانلێکەوتووش کرد و ئاماژەی بەوە دا: "خانەوادەیەک کە منداڵەکانیان قوتابی بوون، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشتبوو و تەنانەت جلوبەرگی قوتابخانە و پێداویستییەکانی خوێندنیان لەکەڵک کەوتبوون، بۆیە راستەوخۆ سەرجەم پێداویستییەکانیان بە جلوبەرگی نوێی قوتابخانەشەوە بۆ دابینکرا."
لە تەوەرێکی دیکەدا و سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی زستان، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر روونیکردەوە: "ئامار و پێداویستیی تەواوی قوتابخانەکانمان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کردووە و لە ئێستادا چاوەڕوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانین بۆ دابینکردنی بەشە نەوتی سپیی قوتابخانەکان."
هەروەها ئاشکرای کرد "بڕی پێویستی نەوتی سپی بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، زیاتر لە دوو ملیۆن لیترە."