لەسەر قەڵای هەولێر پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان راگەیەندرا

رێورەسمی راگەیاندنی پلاتفۆڕمەکە
رێورەسمی راگەیاندنی پلاتفۆڕمەکە

K24 – هەولێر:

پلاتفۆرمی خۆبەخش کوردستان وەک گەورەترین و چالاکترین رێکخراوی خۆبەخشی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا و لە رێورەسمێکدا لەسەر قەڵای هەولێر وردەکاری و ئامانجەکانی پلاتفۆڕمەکە راگەیەندرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ (22ـی حوزەیرانی 2023) پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان لەژێر دروشمی بەتواناکردنی خۆبەخشان و بەهێزکردنی کوردستان راگەیەندرا و وەک رێکخەرانی ئەو چالاکییە رایانگەیاند تێڕوانینیان لەم کارەدا بەهێزکردنی کوردستانە لە رێگەی هێزی کاری خۆبەخشییەوە.

وەک لە وتاری نوێنەری خۆبەخشان ئاماژەی پێکرا لە رێورەسمەکەدا، ئەم پرۆژەیە بە سەرپەرشتی و پاڵپشتی ئارین مەسرور بارزانی ئەنجامدراوە لەپێناو یەکخستنی کاری خۆبەخشان لە هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی هەوڵەکان لە پلاتفۆڕمێکدا بۆ زیاتر رێکخستنەوەی کارە خۆبەخشییەکان و یەکخستنی هێزی خۆبەخشان تاوەکو کارەکانیان زیاتر بەرهەمدار و ئامانجداربێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کوردستان و کۆمەڵگە.

بۆ خۆتۆمارکردن لە پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان سەردانی ئەم لینکە بکە: https://volunteer.krd/home

ئامانجەکانی ئەم پلاتفۆڕمە بەستنەوەی خۆبەخشانە بە دەرفەتی بەرهەمدار و بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی توانای خۆبەخشان، هەروەها داکۆکیکردن لە مافی خۆبەخشان و مامەڵەی دادپەروەرانە و پەرەپێدانی گیانی هاوکاری، لەگەڵ رێزلێنان و پشتگیری لە هەوڵی خۆبەخشان و هێنانەکایەی گۆڕانکاری ئەرێنی لەناو کۆمەڵگە.

لەبارەی ئەرکەکانی پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان، لە ناساندنی چالاکییەکە ئاماژە بەوەکراوە، ئەرکیان بەستنەوەی خۆبەخشانە بە دەرفەت و رێکخراو و چالاکییە کاریگەرییەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بڵاوکردنەوەی کلتووری خۆبەخشی و بەشداری چالاکانە و کاریگەری بە کۆمەڵ لە رێگەی پلاتفۆڕمەکەوە، بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندییەکان وپارێزگاریکردن لە مافی خۆبەخشان، هەورها پێشخستنی کاری خۆبەخشی بۆ هێنانەکایەی گۆڕانکاری ئەرێنی لەپێناو دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەمووان لە کوردستان.

پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان لە بوارەکانی پەروەردە، ژینگە، تەندروستی، خزمەتگوازاری کۆمەڵایەتی، هونەر و کلتوور، ئاژەڵدۆستی، مافەکانی مرۆڤ و پەرەپیدانی کۆمەڵگا کاردەکات و جەخت لەسەر پابەندبوون بە دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پارێزراو بۆ خۆبەخشان، پێشکەشکردنی ئەزموون و راهێنان، هێنانەکایەی دەرفەتی جۆراوجۆرا و داکۆکیکردن لە مافی خۆبەخشان، دەکەنەوە.