رەوەند حوسێن: پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان دەبێتە هۆی وەگەرخستنی توانا شاراوەکانی گەنجان
K24 – هەولێر:
نوێنەری خۆبەخشان، رایدەگەیەنێت، پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان خزمەتێکی زۆر بە گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە توانای گەنجان و دەرخستنی توانا شاراوەکانیان.
ئەمرۆ(22ـی حوزەیرانی 2023)، رەوەند حوسێن، نوێنەری خۆبەخشانی کوردستان، لە میانەی راگەیاندنی پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان، گوتی: بە هەوڵی دەستپێشخەری ئارین مەسرور بارزانی بیرۆکەی دروستکردنی پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان رادەگەیەندرێت.
هەروەها گوتیشی: کاری خۆبەخشی لە هەموو سێکتەرەکان پەرەیسەندووە کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە لە بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان، ئارین مەسرور بارزانی بەردەوامە لە دەستپێشخەری و پەرەپێدانی بیرۆکەی سەردەمیانە لە هەرێمی کوردستان.
نوێنەری خۆبەخشانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئەم پڕۆژەیە لەخزمەتی بەتوانکردن ودەرخستنی توانا شاراوەکانی گەنجانی هەرێمی کوردستانە.
باسی لەوەشکرد، پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان دەبێتە گەورەترین و چالاکترین پلاتفۆرمی خۆبەخشی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان، پردێکی هاوبەش لەنێوان رێکخراو و ئارەزوومەندانی کاری خۆبەخشی لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە چالاکی بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر.
ئێوارەی ئەمڕۆ (22ـی حوزەیرانی 2023) پلاتفۆڕمی خۆبەخش کوردستان لەژێر دروشمی بەتواناکردنی خۆبەخشان و بەهێزکردنی کوردستان راگەیەندرا و وەک رێکخەرانی ئەو چالاکییە رایانگەیاند تێڕوانینیان لەم کارەدا بەهێزکردنی کوردستانە لە رێگەی هێزی کاری خۆبەخشییەوە.