ژمارەیەک کۆچبەری مەغریبی بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا بێسەروشوێن بوون

K24 – هەولێر:

کەسێک بەناوی بنەماڵەی 51 کۆچبەری مەغریبی رایگەیاند، 12 رۆژ لەمەوبەر پەیوەندییان لەگەڵیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی بڕیاربوو بە شێوەیەکی نایاسایی بەرەو دوورگەکانیی کەناری ئیسپانیا لە زەریای ئەتڵەسی بپەڕنەوە.

ئەمین ئەهروی، ناسیاوی یەکێک لەو کەسانەی کە بێسەروشوێن بوونە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "بڕیاربوو 51 کۆچبەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە 11ــی حوزەیران، بە بەلەمێک لە کەنارەکانی ئاگادیر (باشوور) بەرەو دوورگەکانی کەناری بپەڕنەوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ سۆراغێکیان نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین دەسەڵاتداران کاری جددی بکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان، چونکە ئەوان خەڵکی شارۆچکەی عەتاویەن، لە نزیک شاری مەراکیشی مەغریب.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا، رۆژی چوارشەممە، بە گیانلەدەستدانی لانیکەم دوو کۆچبەر، لە بەلەمێکدا کە نزیکەی ١٦٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی گەراندی کاناریا نوقم بوو، لە کاتێکدا 24 کۆچبەری دیکە رزگار کران. 

لای خۆیەوە لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەغریبی لە شارۆچکەی عەتاویە داوای کردووە، "دەستێوەردانی خێرا بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو گەنجانە بکرێت کە هیچ سۆراغێکیان نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە 11ـی حوزەیران، هێلێنا مالینۆ، چالاکوان لە رێکخراوی "کامینادۆ فرانتێراس"ـی ئیسپانی، رایگەیاند، لە کۆی "58 کەس، 21 کەسیان ئافرەت و منداڵی ساوان، لە لێواری مەرگدان و بەلەمە لاستیکییەکەیان نوقوم بووە".

لە چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی مەغریب بە بەردەوامی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قاچاخچییەکانیان راگەیاندووە، هەروەها بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەمساڵ رێگرییان لە نزیکەی 26 هەزار هەوڵی کۆچی نایاسایی کردووە.