نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی بەرگری شارستانی سووریا کۆبووەوە
K24 - هەولێر
لیندا تۆماس-گرینفیلد، نوێنەری ھەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ رائید ساڵح، سەرۆکی بەرگری شارستانی سووریا کۆبووەوە.
لەو راگەیەندراوەی لە نوێنەرایەتی ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانی گەلی سووریا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ھەردوو لایەن لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پرسی چۆنییەتی گەیشتنی ھاوکاری مرۆیی بۆ کەسانی لێقەوماو لە سووریا کردووە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا کە لیندا تۆماس-گرینفیلد باسی لە ھەوڵەکانی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ درێژکردنەوەی گواستنەوەی ھاوکاری مرۆیی لە دەرگا سنوورییەکانی جیلوەگۆز و ئۆنجوپنار کردووە و ستایشی کارە چاونەترسەکانی تیمی کڵاو سپییەکان لە رزگارکردنی گیانی خەڵک کردووە.