مه‌حما خه‌لیل: چوارچێوەی هەماهەنگی رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال

مەحما خەلیل - فۆتۆ: ئەرشیف
مەحما خەلیل - فۆتۆ: ئەرشیف

K24 – هەولێر

مەحما خەلیل ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ پێكهاته‌ی ئێزدی رایده‌گه‌یه‌نیت، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێگرە له‌ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی تایبه‌ت به‌ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.

مه‌حما خه‌لیل، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "به‌هۆی نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ رێككه‌وتننامه‌ی شنگال جیبه‌جێ بكرێت".

گوتیشی: "کابینەی محەممەد شیاع سوودانی تائێستا رێوشوێنی كرداری بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال نه‌ناوه‌، له ‌شنگال گرووپ و میلیشیای سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی لێیه‌ و پاڵپشتی له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و گرووپانه‌ سه‌ر به‌ باڵی سیاسی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگین و رێگرن له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال".

مەحما خەلیل، ئاماژەی بەوەشکرد: "شنگال له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدایه‌ و هێزێكی كه‌می عێراقی لێیه‌، شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ بیانییه‌كانی وه‌ك په‌كه‌كه ‌و ئه‌و گرووپانه‌ی له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن،‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت".

رێككەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال لە (ئۆکتۆبەری 2020) لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا واژۆكرا، کە لە شەش خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

 

سەرچاوە: العربی الجدید