سەرۆکی چیچان ئامادەیی سوپاکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپی ڤاگنەر راگەیاند

رەمەزان کادیرۆڤ سەرۆکی چیچان
رەمەزان کادیرۆڤ سەرۆکی چیچان

K24 – هەولێر:

رەمەزان کادیرۆڤ سەرۆکی چیچان رایگەیاند، سووپاکەی ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپی ڤاگنەر و ئامانجی چیچان پاراستنی خاکی رووسیایە.

ئەمڕۆ شەممە (24ــی حوزەیرانی 2023)، رەمەزان کادیرۆڤ سەرۆکی چیچان، رایگەیاند، گروپی ڤاگنەر دژی رووسیا یاخیبوون و خەنجەریان لە پشتی سوپا داوە، هەموو هێزەکانی چیچان ئامادەن بە هەر شێوەیەک بێت رووبەڕووی گرووپی ڤاگنەر ببنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارانی وەزارەتی بەرگری و پاسەوانی نیشتمانی کۆماری چیچان لە ئێستاوە بەرەو ناوچە گرژیەکان بەڕێکەوتوون. کادغرۆڤ، گوتیشی: ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی یەکگرتوویی رووسیا و پاراستنی دەوڵەتەکەی.

یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، جەنگی دژی سووپای رووسیا راگەیاند و وەزارەتی بەرگری رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری هەڵە لەسەر جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بڵاودەکەنەوە و هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ڤاگنەر.

پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانەی وتارەکەی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوەدا کە "وەڵامێکی توند" بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە "یاخیبوونی چەکدارییان رێکخستووە و لە شەڕدا چەکیان لە دژی هەڤاڵانیان هەڵگرتووە و خیانەتیان لە رووسیا کردووە".