وەزارەتی دادی عێراق هۆبەیەکی تایبەت بە کاروباری کوردانی فەیلی دەکاتەوە
لە هەنگاوێکدا بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان و سڕینەوەی شوێنەوارە نەرێنییەکانی رابردوو، وەزارەتی دادی عێراق کردنەوەی هۆبەیەکی تایبەتی بە کاروباری کوردانی فەیلی راگەیاند، کە ئەرکی سەرەکیی وەرگرتنی داواکاری و سکاڵاکانیان و دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی دەبێت بۆیان.
وەزارەتی دادی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، هۆبە نوێیەکە لەناو بەشی کاروباری هاووڵاتیان دامەزراوە و ئامانج لێی جێبەجێکردنی بڕیارە فەرمییەکان و بایەخدانە بە کوردانی فەیلی، وەک پێکهاتەیەک کە لە رابردوودا ستەمیان بەرامبەر کراوە، چەوسێنراونەتەوە و پەراوێزخراون.
هەروەها وەزارەتی داد راشیگەیاندووە، ئەرکی ئەو هۆبەیە وەرگرتنی داواکاری و سکاڵای کوردانی فەیلی دەبێت، تاوەکو بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکاندا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و بە شێوازێکی دادپەروەرانە کار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکرێت.
لە دەستووری نوێی عێراقدا لە ساڵی 2005، کوردانی فەیلی وەک قوربانیی ستەم و کۆمەڵکوژی ناسێنران و لە ساڵی 2006ـیشدا یاسایەکی نوێی رەگەزنامە دەرچوو کە فەرمانی ژمارە 666ـی هەڵوەشاندەوە و مافی وەرگرتنەوەی رەگەزنامەی عێراقی بۆ کوردانی فەیلی گەڕاندەوە. هەروەها پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2011 بە کۆی دەنگ بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کوردانی فەیلی پەسەند کرد و دادگای باڵای عێراقیش چوار بەرپرسی حیزبی بەعسی بەهۆی رۆڵیان لە ناردنەوە و راگواستنی کوردانی فەیلی سزا دا.