سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان | ماڵپەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان | ماڵپەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەگاتە وڵاتی ئەڵمانیا و وابڕیارە سبەی لەگەڵ راوێژکاری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

رۆژی یەکشەممە (25ـی حوزەیرانی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى ده‌گاته‌ به‌رلين و سبه‌ى دووشه‌ممه 26ـی حوزەیرانی 2023 لە‌گه‌ڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكارى ئه‌ڵمانيا و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌ڵمانيا كۆده‌بێته‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، له‌ ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا. سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش و دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، له‌گه‌ڵ سه‌ركردايه‌تى و به‌رپرسانى ئه‌ڵمانيا تاوتوێ ده‌كات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (24ـی حوزەیرانی 2023)، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای چەندین سەردانی سەرکەوتوو لە هەفتەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەشکردووە، لەماوەیە یەک هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان جوڵە و سەردانی دیپلۆماسی گرینگیان ئەنجامدا، ئامانج تێیدا پتەوکردنی زیاتری پێگەی هەرێمی کوردستانە لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، هەروا پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کەلتوور و رۆشنبیری.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکدووە، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.

لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا، چەندین شاندی باڵای ئەمەریکی، هۆڵەندی، بەریتانی و نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی فەرمیان ئەنجامدا.

لەلایەکی دیکەشەوە، لە سەردانێکی بۆ ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمەریکا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری بەیان سامی عەبدولرەحمان چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا، ئەندامانی کۆنگرێس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، جێگری وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، سازکرد و سەردانی چەندین دامەزاراوە و سەنتەری هزری کرد.

هەر لەماوەی هەفتەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستاندا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند سەردانێکی دیپلۆماسی بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدا و کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا، سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز، بەرپرسی سیاسەتی ئاسایش لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا هەبوو.

هەروەها فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە روونیکردووەتەوە، مەبەست لەم سەردان، دیدار و کۆبوونەوانە گەیاندنی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەمەڕ پرسە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و هەوڵێک بوو بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.